وانیار ئەهوورایی
کۆچکردنی خەڵکی کوردستان کێشەیەکی قورس و چارەسەر نەکراوە. زۆرن ئەوانەی خولیای ڕاکردن لە ئێرانیان هەیە، بەڵام بەهۆی سەختیی ڕێگە و نەبوونی پارەی پێویست هەندێکیان هێشتا بڕیارەکەیان نەبردووەتە سەر. هەروەها لادێ لە کوردستان پڕە لە چیرۆک و بیرەوەریی دووپاتنەکراو و فەرهەنگ و دابونەریتی کوردی لە دێهاتەکان زۆرتر پارێزراوە و خەڵکانێکی زۆر لە گوندەکان لە مێژووی کورددا خزمەتێکی بەرچاویان کردووە؛ بەڵام بەهۆی پەرەسەندنی تەکنۆلۆژی و زانست و پیشە، گۆندەکان تایبەتەن لە کوردستان هەر دێن و چۆڵتر دەبن کە ئەوەش مەترسییەکی دیکە بۆ سەر داهاتووی کوردستانن.
کۆچکردن بۆ ئێمەی کورد وشەیەکی دوور و بێگانە نییە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لاوان و بەتایبەت کەسانی خوێندەوار و زانکۆدیتوو زۆرتر هەوڵی چوونە دەرەوە لەم نیشتمانە دەدەن، بەڵام بەداخەوە کەم نین ئەوانەی لە ڕێی چوون بۆ هەندەران تووشی کارەسات دەبن، دەخنکێن یان لە وڵاتانی دراوسێ دەسبەسەر دەکرێن و بۆ ئێرانیان دەنێرنەوە.
کۆچکردن لە بەر نەبوونی هەلی کار، نەبوونی ئەمنییەت، نەبوونی ئازادی و دادپەروەری و دەیان هۆکاری دیکە ڕوو دەدات. جۆرێک کە هەموو ئەو کەسانەی خاوەن بڕوانامەی زانکۆ گرنگەکانی ئێرانن، بە دوایی تەواوکردنی زانکۆ هەوڵی چوونە دەرەوە لە وڵات دەدەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە زۆرترین توێژی بێکاری لە وڵات تایبەتە بە دەرچووانی زانکۆ و خاوەن بڕوانامەی بەرزی زانکۆکان لە ئێران!
جگە لە کۆچکردن بۆ هەندەران، کوچی خەڵک لە گۆندەکانی ڕوژهەڵات بەرەو شارەکانیش دەبێ وەک خەسارێک چاوی لێ بکرێت. لە ماوەی ۲۰ ساڵی ڕابردووەوە تاکوو ئێستا شایەتی کۆچی سەرسووڕهێنەری خەڵکی گۆندەکانین. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم دیاردەیە ساڵ بە ساڵ زۆرتر دەبێت و حەشیمەتی ناوچە هەژارنشینەکانی شاریش زۆرتر و لە لایەکیشەوە هەر ئەو دیاردەیە پەرە بە قەیرانی بێکاری دەدات. بەپێی ئامارەکان تاکوو ئێستە هەندێک لە گۆندەکان بەتەواوەی چۆڵ بوون و هەندێکیش لە پاییز و زستاندا بەرەو خەڵوەتی دەچن و جگە لە چەند کەسی بەساڵاچوو نەبێت، کەسی تێدا نامێنێت. سیاسەتەکانی حکوومەتیش لەبری ئەوەی ڕێگری لە خەسار و قوڵبوونەوەی ئەو قەیرانە بکەن، هاندەر و پەرەپێدەری کۆچ لە نێوخۆ لە گوندەکانەوە بەرەو شار و بۆ دەرەوەی وڵاتیشن.
نموونەیەکی بچووک: بەپێی زانیارییە کۆکراوەکان زۆرتر لە ٥٧٠ بنەماڵە لە خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان لە پارێزگەی سنە، لە شاری دەماوەندی پارێزگای تاران نیشتەجێ بوون و لەوێ دەژین، هەر لەو شوێنە ٢٥٠ بنەماڵەی دیکەی خەڵکی شارەکانی سنە و مەریوان و هەروەها شارەکانی دیکەی کوردستان نیشتەجێن. ئەو دیاردەیە مەترسییەکی جیددیشی خستووەتە سەر فەرهەنگی نەتەوەی کورد. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان شارە فارسنشینەکان بەتایبەت شاری تاران زۆرترین خەڵکی کۆچەری کورد ڕووی تێ دەکات و منداڵانی ئێمەی کورد تێکەڵی فەرهەنگێکی بێگانە دەبن. ئەو دێهاتانەش کە خوار ۱۰۰ ماڵ دەبن، لە مەترسییەکی گەورەدان، چونکە لاوەکان دوای پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەوێ نامێننەوە و خەڵکانی دیکەش بەرەوپیری دەڕۆن و تاکوو چەند ساڵی تر بە یەکجاری چوڵ دەبن. لەوە گرینگتر ئەوەیە کە قوتابخانەی بڕێک لە گۆندەکان تاکوو سێ ـ چوار ساڵی دیکە بەگشتی دادەخرێن، چونکە منداڵی ژێر تەمەن ۷ ساڵ کەسیان تێدا نییە.
بەڕوونی دەرکەوتووە کە حەشیمەتی گۆندەکان دابەزیوە و تەنانەت کەمتر کەسانێک لە گوند ماونەتەوە و هیوایەک بۆ مانەوە نەماوە. کاتێک کە داواکارییەکانی خەڵک بێوڵام دەمێننەوە و منداڵەکان شوێنێکیان بۆ کاتبەسەربردن، یاریکردن، پەروەردە و بارهێنان نییە و دەبێت لە ١١ ساڵییەوە بۆ خوێندن ڕوو لە خەوتنگەی قوتابخانەکان بکەن کە هیچ کەرەستەی بێهداشتی و ... لەوێ نییە، چونە دەروە لە مانەوە باشترە.
حکوومەت بە شێوەگەلی جوراوجور خەریکی ئاسێمیلەکردنی خەڵکی کوردە. نرخی بێکاری لە کوردستان دەباتە سەرەوە و خەڵک ناچار بە کۆچی زۆرەملێ لەپێناو بژیوی ژیاندا دەکا و بەمجۆرە بە دروستکردنی جوغرافیایەکی ژینگەیی تر لە درێژخایەندا کورد لە مێژوو و فەرهەنگ و هەستی کوردانە دوور دەخاتەوە و فەرهەنگی فارسی زاڵ دەکات بەسەریاندا.
خۆڕاگری لە هەمبەر ئەو دۆخە و بەرپەرچدانەوەی سیاسەتەکانی ڕێژیم پێویستیی بە ژیریی سیاسی و لەقاودانی پلانە نەرم و ڕووخێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی هەیە. ڕوون و ئاشکراشە هەتا ئەو ڕێژیمە لەسەر کار بێت، قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە وڵات، بەتایبەت لە کوردستان چارەسەر نابن.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٨ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.