کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی ڕێژیم لە مانگرتن و هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی بۆ سەر خەڵکی کاسبکاری کوردستان

18:37 - 16 بەفرانبار 2722

ئا: کاروان مێراوی

مانگرتن بە یەکێک لە کۆڵەکە و تاکتیکە سەرەکییەکانی ڕاپەڕین و شۆڕشەکان دادەنرێ کە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی "شۆڕشی ژینا" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ناوچەکانی تری نێو جوگرافیای ئێرانیشی تەنییەوە و بەردەوامیی ئەم ڕاپەڕین و شۆڕشە نزیک لە چوار مانگ بووەتەوە، لەسەر داوا و بانگەوازی حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان و بەتایبەت ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران مانگرتن بەردەوام لە کوردستان و جاروبارەش لە ناوچەکانی تری نێو جوغرافیای ئێران بەڕێوە چووە. ئەم مانگرتنانەش گوشارێکی سیاسی و ئابووریی زۆریان خستووەتە سەر دەسەڵاتی فۆرماڵیتە و ناڕەوای ڕێژیمی داگیرکەری ئێران و هەوڵە چەواشەکارانەکانی ڕێژیم بۆ کۆتایی‌هێنان بە مانگرتنەکان تەنانەت بە هاتنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیم بۆ کوردستان و شاری سنە بێ‌ئاکام و مایەپووچ مایەوە تاکوو ئەوەی کە ڕێژیم ناچار بوو وێڕای هێرش بۆ سەر خەڵکی ڕاپەڕێوی کوردستان، بە شێوەی فەرمی بڕیار و فەرمانی هێرش بۆ سەر دووکان، ترۆمۆبیل، شوێنی کار و تەنانەت دەکە و سەرجەم کەرەستەی کاسبیی کاسبکارانی کوردستان بدات بە هێزە سەرکوتکەرە جێگیرکراوەکانی خۆی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و پاش ئەم بڕیارە ئەو هێزانەش بە دڕندانەترین شێوە لە پەلاماردانی خەڵک هارتر بوون. ئەم بڕیار و فەرمان و هێرش و پەلامارانە نەک تەنیا ئیرادەی بەرخۆدانی خەڵکی کوردستانی بەچۆکدا نەهێناوە، بەڵکوو خەڵکی لە ڕاپەڕین و بەتایبەت مانگرتنەکان شێلگیرتر کردووە. بۆ نموونە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا چەندین جار مانگرتن لە شارەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەربڵاو بەڕێوە چووە  و هێزەکانی ڕێژیمیش لە بەرانبەر خۆراگریی خەڵکی کوردستاندا دەستەوستان دۆشداماو ماون.

هەنووکە ئەو پرسیارە دێتە پێش، ئەرێ گەلۆ لەم قۆناغەی ئێستەی شۆڕشی ژینادا بۆچی پێویستە مانگرتنەکان بەم شێوەیە چڕوپڕ بەڕێوە بچن و پێویستیی ئەم مانگرتنانە لەچی‌دایە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا حەسەن قادرزادە، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی ناوەندی گشتیی تەشکیلاتی حیزب بە "کوردستان"ی ڕایگەیاند: "سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە لە ماوەی ٤٣ ساڵ دەسەڵاتداریی ڕێبەران و کاربەدەستانی دژی گەلیی ڕێژیمی ئیسلامی، جگە لە زوڵم و زۆری و بێدادی، گرتن، بەندکردن، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان، بێبەشکردنی خەڵک لە مافە سەرەتایییەکانیان و بێڕێزیکردن بە بیروباوەڕەکانیان و سەرباری هەمووی ئەوانەش، برسییەتی و بێدەرەتانی و ... کۆمەلێک هۆکار بوون بەهۆی ئەوەی کە مەرگی ژینا ئەمینی ببێتە ڕق و تووڕەیی و ئاگر بە دژی ڕێژیم و ڕاپەرین پەرە بستێنێت و لە شێوەی جۆراوجۆردا بەڕێوە بچێت. بەرچاوترین و کاریگەرترینیان مانگرتنی گشتی و داخستنی دووکان و بازاڕەکان بە شێوەیەکی گشتی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بوو. یەکگرتوویی، هاوپێوەندی و پشتیوانیی دووکانداران و کاسبکاران لە ڕاپەڕینی ژینا ترس و نیگەرانییەکی زۆری خستووەتە دڵی کاربەدەستانی ڕێژیم، هەر بۆیە زۆر هەوڵیان دا لە ڕێگەی ئەماکن و دەزگاکانی تری ئەو ڕێژیمەوە پێش بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان بگرن. بەو کارە دەیانویست وا نیشان بدەن کە خەڵک ناڕازی نین و وەڵامی بانگەوازی حیزبە سیاسییەکان و بەتایبەت ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران نادەنەوە. لە لایەکی دیکەشەوە لەگەڵ ئەوەی کە داخستنی دووکان و بازاڕەکان قورسایی دەخاتە سەر ژیان و بژیویی خەڵک بەڵام زیانمەندی سەرەکی، ڕێژیمی ئیسلامییە. جیا لەوەی کە ڕەواییی دەسەڵاتە نەگریسەکەیانی هێناوەتە ژێر پرسیار و ڕەت کراوەتەوە، ئابووریی وڵاتیش کە سوپای پاسداران و دەزگاکانی ڕێژیم دەستیان بەسەردا گرتوون و قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی مافیا ئابوورییەکانی خودی رێژیم، تووشی لاوازیی زیاتر و داڕمان بووە. بۆیە مانگرتن و داخستنی دووکان و بازاڕەکانی کوردستان و ئێران نیشانەی دەربڕینی تووڕەیی و بێزاریی خەڵکە لەو دەسەڵاتە سەرەڕۆ و کۆنەپەرستە و هەروەها یەکگرتوویی و یەکڕیزیی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستانە". 

مانگرتنەکانی کوردستان لەم دوایییانەدا پەرەیان گرت بۆ دەرەوەی کوردستان و کۆمەڵێک لە شارەکانی ناوچەکانی تری ناو جوگرافیای ئێرانیشی گرتەوە، بۆیە ڕێژیمی ئاخوندی لەم ڕۆڵەی کوردستان کە بووەتە سەرباشقەی شۆڕش و بەتایبەت ئەم مانگرتنانە لە ناوچەکانی تری ئێران، ترسی لێ نیشتووە و زۆرتر تووڕە و هەستیار بووە و هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت گوشارێکی زۆریان خستووەتە کاسبکارانی کوردستان. لەسەر ئەم هەستیاری و تووڕەبوونەی ڕێژیم بەنیسبەت مانگرتنەکانی کوردستان و لەسەر ئەو پرسیارەی کە ڕێژیم ترسی لە چی بوو وا بەو شێوەیە گوشاری خستە سەر دووکاندار و کاسبکارانی کوردستان؟ بەڕیز قادرزادە گوتی: "هەستیاریی ڕیژیم و هێزە سەرکوتکەرەکانی بەنیسبەت مانگرتنی دووکانداران و کاسبکارانی کوردستان، پێش هەموو شتێک لە یەکگرتوویی و هاوپێوەندی و یەکریزیی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بەیەکەوە و پێوەندی و پشتیوانیی هێزە سیاسییەکان و وەڵامدانەوە بە پەیام و بانگەوازی حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان لە هەموو شتێک زیاتر ڕێژیمی نیگەران و هەراسان کردووە و لە پەرەستاندن و بەردەوامبوونی ڕاپەڕین، تووشی ترس و لەرزە بووە، هەروەها مانگرتنی دووکاندار و کاسبکاران ئابووریی ڕیژیمی تووشی ئاوسان و مایەپووچی کردووە. هاوکات تووڕەیی و بێزاریی چین و توێژەکانی دیکە، خۆپیشاندان و هاتنە سەر شەقامی بەدواوە دەبێت کە ئەوەش دەبێتە هۆی خرۆشانی شەقام و هاتنە مەیدانی هەموو کۆمەڵانی خەڵک بە دژی سیاسەتی گرتن، کوشتن، لەسێدارەدان و قووڵبوونەوەی دوژمنایەتیی خەڵک لەگەڵ ڕێژیم و سەرەئەنجام ئاکامی ئەو خەبات، بەرخۆدان، خوێنڕشتن و قوربانیدانە دەبێتە هۆی داڕووخانی ورە و پاشەکشەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆر و خوێنڕێژە و ڕێژیم بەرەو نەمان و ڕووخان دەبات".

مانگرتنە سەرانسەرییەکانی ئەم دوایییانەی کوردستان و ئێران کە لە کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە، بوو بە بەڵگەیەک بۆ ئەو وابێژییەی کە دەگوترێ کوردستان لە ئێراندا هەردەم ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕێت و هەروەها بوو بە هۆکاری یەکڕیزیی زیاتری چین و توێژەکانی کوردستان و لێک‌نزیکبوونەوەی نەتەوەکانی ناو جوگرافیای ئێران و کاریگەرییەکی باشی لەسەر یەکگرتووییی زیاتری ئەو نەتەوانە و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوە جیاوازەکانی ناو جوگرافیای ئێران هەبووە. لەم پێوەندییەشدا کاک حەسەن ڕاگەیاند: "ڕێژیمی سەرەڕۆ و دژی گەلیی ئاخوندی، دوژمنی سەرەکی و بێبەزەییی گەلانی ئێران بووە و بە تاوانی داواکردنی مافە ڕەواکانیان بە توندترین شێوە پەلاماریانی داوە و ئەو نەتەوانەی سەرکوت کردووە و هەمووشیانی لە بێبەشی و بێ‌مافیدا ڕاگرتووە و سەرەتاییترین مافە مرۆڤایەتییەکانی لێیان زەوت کردووە و خەڵک و ناوچەکانیان لە دواکەوتووییدا ڕاگرتووە، هەروەها خەڵکی لە هەموو بوارەکانی ئابووری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەش کردووە، هەر هەموویان لە دەرد و مەینەتییەکانیاندا هاوبەش و هاوچارەنووسن. بۆیە هەر مانگرتن و خۆپیشاندان و دەربڕینی نارەزایەتی لە هەر شوێنێکی ئێران دەبێتە هۆی هاوپێوەندی و یەکگرتوویی  و پشتیوانی لە یەکتر. خۆپیشاندانەکان ئەوەیان سەلماندووە کە بۆ هاودەردی لەگەڵ بەلووچستان و ئازەربایجان و ناوچەکانی دیکە لە کوردستان خۆپیشاندان و مانگرتن کرا و جینایەتانەکانی ڕێژیمیان ئیدانە کرد. بەپێچەوانەکەشی لە بەلووچستان و ئازەربایجان و تاران و زۆر شوێنی دیکەی ئێران پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان کرا و ئەو هێرش و خوێنڕێژییەی سوپای پاسداران و هێزە سەرکوتکەرەکانیان لە کوردستان مەحکووم کرد و هاودەردی و هاوخەمیی خۆیان دەربڕی. بۆیە بەدڵنیایییەوە هاوپێوەندی، یەکگرتوویی و پشتیوانیی گەلانی دیکە بەتایبەتی و خەڵکی ئێران و لایەنە سیاسییەکان بەگشتی لەگەڵ خەڵکی کوردستان لە هەموو کات و قوناغێکدا پێگە و خۆشەویستیی کوردستانی بەهۆی پێشەنگبوون، یەکگرتوویی، لەخۆبردوویی و بەردەوامبوونیان لە ڕاپەڕیندا بەهێزتر و پتەوتر بووە".

کوردستان کە چەخماغەی شۆڕشی ژینا بووە و هەنووکەش لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و بەکردەوە بووەتە ناوەندی ئەم شۆڕشە، نموونە و بەڵگەی ئەو وابێژییەیە کە دەبێژین لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشەنگ و سەرباشقەی خەباتی نەتەوە هاوچارەنووسەکانی خۆی لە ناو جوگرافیای ئێران بووە. هۆکاری ئەم سەرباشقەبوون و پێشەنگبوونەش، بۆ ڕێکخستنی تۆکمەی خەڵکی گوند و شارەکان لەلایەن حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و تا ڕادەیەک هاوئاهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کە لەم ساڵانەی دواییدا و پاش پێکهێنانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان (پێش لە یەکگرتنەوەی دوو لایەنی کۆمەڵە و دوو لایەنی حیزبی دێموکرات) و لە گشتی گرنگتر، یەکڕیزی و یەکگرتوویی و کۆدەنگیی خەڵکی کوردستانە بە سەرجەم چین و توێژ و باوەڕە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەگەڕێتەوە. وێڕای ئەوەش، کۆدەنگیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە شۆڕشی ژینادا زیاتر پەرەی سەند و گەیشتە ئاستێک کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان و سەرجەم حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوی هاوبەشیان لەسەر مانگرتن و هاتنە سەرشەقامە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە و ئەمەش جیا لە پتەوکردنی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، پێشوازیی گەرم و بێوێنەی خەڵکی خەباتکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاتنە بەرەوپیریی ئەو بانگەوازە یەکگرتووانەی حیزبەکانی لێ کەوتەوە و ئیرادەی خەڵکی کوردستانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بەتایبەت داخستنی دووکان و بازاڕەکان و هاتنە سەر شەقام پتەوتر و پۆڵایینتر کردووە، بۆیە خەڵکی ڕۆژهەڵات بە دەستی خاڵی و بەتاڵ نزیک بە چوار مانگە شەڕ و بەربەرکانێ لەگەڵ دڕندە و فاشیستترین ڕێژیمی دیکتاتۆری سەردەم دەکەن. کۆی ئەم هۆکارانە وای کردووە کە ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران نۆڕگە و ڕوانگەیەکی تری لەسەر کوردستان هەبێت، بە واتایەکی تر دڕندەتر لە جاران خۆی تەیارتر بکات بۆ شەڕێکی گشتگیر و تێکەڵاو (Hybrid warfare) بە دژی خەڵکی کوردستان، بەڵام ئەم جارەش و لە کۆتاییی ئەم شەڕەشدا وەک هەمیشە ئەوە ئیرادەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستانە براوە و سەرکەوتوویە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٨ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.