ئامانج زیبایی
بە درێژایی مێژووی هاتنەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی،هەڵگرتنی درووشمی توندوتیژ و گرتنەبەرت سیاسەتی چەوت و دانانی ستراتێژی ناڕیالیستی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژیمی لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان دوور خستۆتەوە و تێوەگلانی بەرپرسانی باڵای ئەم ڕێژیمە لە کردوە تێرۆریستییەکان و هاندانی لایەنگرانی خۆیان بۆ نانەوەی ئاژاوە و بشێوی ڕووخسارێکی تا بڵێی کرێت و دزێویان لە ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمە پێشان داوە. ڕوویەکی دیکەی ئەو واقعە مامەڵەی وڵاتانە کە لە سۆنگەی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنیەتییەکانیان هەوڵیان داوە لەگەڵ ڕێژیم هەڵ بکەن و بە گوشاری کەم تا زۆر هەوڵ بدەن ڕەفتاری ڕێژیم گۆڕانی بەسەردا بیت. بەڵام ڕاپەڕینی ژینا ئەم واقعەی گۆڕی.
گۆڕینی نیگای کۆمەڵگەی جیهانی ئەگەرچی کارتێکەریی کوژرانی حکوومەتیی ژینا و وەڕێکەوتنی لافاوی تووڕەیی خەڵک بۆ ڕاماڵینی ڕێژیمی لەسەرە، بەڵام بێگومان کۆمەڵە فاکتەرێکی دیکەش هەن کە وا دەکەن وڵاتان چیدی ئامادە نەبن بە هەموو تێچوویەک درێژە بە پێوەندییە پڕکێشەکانی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بدەن. هەرشە کردن لە وڵاتان، دەستێوەردانی ڕێژیم لە کاروباری وڵاتانی تر، پەرەپێدان بە بەرنامەی مووشەکی و ئەتومی، پێشێلکردنی هەراوی مافی مرۆڤ، سەرکوتکردنی خەڵک لە خۆپێشاندانەکان، پشتیوانیی لۆجێستیکی و ماڵی لە میلیشیا چەکدارەکان و بەکارهێنانیان وەک کارتێکی فشار بۆ سەر وڵاتانی ناوچە و جیهان، پێدانی دڕۆنە خۆکوژەکان بە ڕووسیە و بەشداریکردن لە شەری ئوکراین لە بەرژەوەندیی ڕووسیەدا، بەشێک لەو فاکتەرانەن کە لە تەنیشت ئاخێزی ئەمجارەی خەڵکی ئێران ڕوانگەی دنیای دەرەوەی بەنیسبەت کۆماری ئیسلامی گۆڕیوە.
بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی یەکێک لە پارادایمە هەرە بەهێزەکانی سیاسەت کردن و داڕشتنی پێوەندیی دوولایەنەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پاراستنی بەرژەوەندی هەردەم دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ بەردەوامیی پێوەندییەکانی نێوان دوو لایەن یان خود نەمانیان، واتا بێتوو بەرژەوەندی وڵاتێک یان چەند وڵاتێک لە مەترسییش بکەوێت ئەوە هۆکاری سەرەکییە بۆ پچران یان کەمکردنەوەی پێوەندیی نێوانیان.
یەکێک لە گرینگترین ڕووداوەکانی ئەم دواییانە سەردانی بەرپرسانی چین بوو بۆ عەرەبستانی سعودی. چین کە لەم چەند ساڵەی دواییدا وەک هێزێکی کاریگەر لە جیهاندا و وەک ڕکەبەری ئامریکا ناوی دێت، بۆ پاراستنی هاوسەنگیی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێویستی بە ئارامی و سەقامگیرییەکی درێژمەودا هەیە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. کاتێکیش هەست بە وەکرا کە کۆماری ئیسلامی و هەوڵە تێکدرانەکانی دەتوانێت بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەم وڵاتە بە تایبەت لە بواری وزەدا بخاتە مەترسییەوە، بەبێ دوو دڵی وازی لە لایەنە لاوازەکە (ئێران) هێنا و ڕووی لە وڵاتانی عەرەبی کرد کە کەرتی وزەیان لە بەردەستدایە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا سیاسەتی نیزیکبوونەوە لە بلۆکی ڕۆژهەڵاتی (چین و ڕووسیە) لە دەستووری کاری خۆیدا پەیڕەوی کردوە و ئەم بابەتەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەکە بە دوورکەوتنەوەی خۆویستانە لە وڵاتانی ڕۆئاوایی. لەو سۆنگەیەوە دەبینین بە شێوەیەک لە شێوەکان کۆماری ئیسلامی ئێران گرەوی لەسەر ئەسپی تۆپیو کردووە.
بە سەرنجدان بە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی پێوەندیی نێوان عەرەبستان و کۆماری ئیسلامی گرینگیی ئەم وەرچەرخانەی چینمان زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە. ڕوونە کە هێرش و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر عەرەبستان و دامودەزگاکانی ئەو وڵاتە بەرژەوەندییەکانی چین لە مەترسی داوێت و نائارامی لە بواری وزەدا بە تایبەت لە کەنداو و گەرووی هوورموز لە پێش هەموو لایەنێکدا زیان بە وڵاتێکی وەک چین دەگەیەنێ و گرینگتر لە هەموو ئەم بابەتانش ئەوەیە کە نیزیکبوونەوەی عەرەبستان لە چین ئیدارەی بایدن و دێموکراتەکانی تووشی سەرسوورمان کردووە. بۆیە ئەوانیش بۆ ئەوەی هاوپەیمانێکی گرینگی وەک سعوودی لە کیس خۆیان نەدەن، دەبێ زیاتر لە جاران ئاور لەم وڵاتە بدەنەوە و بابەتی پاراستنی ئەم وڵاتش دەبێتە بابەتێکی هەستیار و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نێوان چین و ویلایەتەیەکگرتووەکان دەبێتە کێبڕکێی نیوانیان.
تەریککەوتنەوەی کۆماری ئیسلامی تایبەت بەم قۆناغە لە ژیانی سیاسیی ئەم ڕێژیمە نییە و هەر لە سەرەتای هاتنەسەر کاری ئەم ڕێژیمە بە هۆی پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆریزم و هێرشکردنە سەر بالیۆزخانەی ئەمریکا لە خاکی ئەم وڵاتە و هەوڵدانیان بۆ نانەوەی بشێوێ و ناسەقامگیری لە ناوچە دەستی پێ کرد و ئێستاش بەهۆی بەردەوامییان لەو سیاسەتە و پەرەپێدان بە سیاسەتی تێرۆر لە نێوخۆ و دەرەوە و سەرکوتی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان متمانەیەکیان بۆخۆیان لای هیچ وڵاتێک نەهێشتۆتەوە.
دادگایی خەڵکیی ئابان لە لەندەن، دادگایی و بەندکردنی حەمید نووری لە سۆئێد و ئێستاش دانانی کۆمیتەی بەدواداچوونی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کوشتاری خۆپێشاندەران چەند نموونەیەکن لە کاردانەوەی کۆمەڵگەی جیهانی کە دەیانەوێ سنوورێک بۆ ئەو ڕێژیمە دابنێن. دەرکرانی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە یەکێک لە لێکەوتەکانی ڕاپەڕینی ژینا بوو، ڕای گشتیی کۆمەڵگەی جیهانی لەسەر دۆخی ڕاستەقینەی واقعە سیاسییەکانی نێوخۆی ئێران چڕ کردۆتەوە.
تێوەگلانی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ئوکراین و فرۆشتنی دڕۆنی خۆکوژ بە ڕووسیەش هۆکارێکی ترە بۆ هەرچی زیاتر تەریککەوتنەوەی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. بوونی پاڕلمانەکانی ئورووپا بە تریبوونی خۆپێشاندەران و پرسی وەکالەتی سیاسیی دەسبەسەرکراوەکانی ڕاپەڕینی ژینا لەلایەن پاڕلمانتارانی ئورووپاوە نیشانەکانی دیکەی تەریککەوتنەوەی ئێران و بە بۆنبەستگەیشتنی سیاسەتەکانی ڕێژیمن.
هاوکێشەکە ڕوونە: بەرجام بۆ هاوبەشە ڕۆژئاواییەکان لە ڕۆخی مردندایە. ئێران کە بەتەما بوو پشکێکی زۆری لە بازاڕی گازی ئورووپا هەبێت، بەهۆی پشتیوانیی لە ڕووسیە لە شەڕی ئۆکڕاین ئەو دەرفەتەشی بۆخۆی لەبار برد کە بێگومان لە غەیری ئەوەشدا ڕووسیە ئەو ئیزنەی نەدەدایە. سپای پاسداران هەتا دێ پتر لەسۆنگەی مەترسییەکانی بۆ سەر ئەمنییەتی جیهانی ئیزۆلە دەکرێ و ئەوانەش نیشانەکانی پتر داڕمانی هەیکەلی کۆماری ئیسلامی وەک وڵاتێکی یاخی و سەرەڕۆیە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٨ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.