کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی ئوسترالیا دژی ئێران

09:35 - 12 رێبەندان 2722

دەوڵەتی ئوسترالیا گەمارۆی خستە سەر ١٦ بەرپرس و ڕێکخراوێکی ڕێژیمی ئێران.

ڕۆژنامەی بریتانیایی "گاردیەن"، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئوسترالیا، ١٦ بەرپرس و ڕێکخراوێکی ڕێژیمی ئێران، بە تایبەتی عەبدولڕەحیم مووسەوی، فەرماندەی گشتیی ئەرتشی ئێران و کۆمەڵێک لە فەرماندەکانی سپا و بەسیجی بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و هەناردەی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان، خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی دەوڵەتی ئوسترالیا، عەبدولڕەحیم مووسەوی، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئێران، کەیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزی زەوینیی ئەرتەش، سالار ئابنووش، جێگری فەرماندەی بەسیج، حوسێن مەعرووفی، فەرماندە و جێگری ڕێکخەری هێزەکای بەسیج، قاسم ڕەزایی، جێگری فەرماندەی هێزە ئینتیزامییەکان و ئەحمەد شەفاهی، فەرماندەی سپای پارێزگای سیستان و بەلووچستان خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.

هەروەها حوسێن مودەڕس خیابانی، پارێزگاری پێشووی سیستان و بەلووچستان، حوسێن حوسێن‌زادە، فەرماندەی لەشکەری محەممەد ڕەسوڵڵای سپا لە تاران، حوسێن ڕەحیمی، فەرماندەی هێزە ئینتیزامییەکان لە تاران، ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە، عەلیڕەزا مورادی، فەرماندەی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم لە سنە و محەممەد تەقی ئۆسانلوو، فەرماندەی قەرارگای حەمزە، گەمارۆیان خراوەتە سەر.