کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران و مۆسکۆ بۆ دەورلێدانی گەمارۆکان، سیستمی بانکیی هاوبەش پێک دەهێنن

16:13 - 12 رێبەندان 2722

ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە، بەهۆی گەمارۆ بەربڵاوە نێودەوڵەتییەکان دژی خۆیان تووشی کێشەی گەورەی ئابووری بوونە و دەیانهەوێت بۆ دەورلێدانی گەمارۆکان سیستمی بانکیی خۆیان پێکەوە ببەستنەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕۆژنامەی "ساندی تایمز"ی بریتانیایی ڕایگەیاند، پێکەوە بەسترانی سیستمی بانکیی هاوبەش لەنێوان تاران و مۆسکۆ، سەرمایە و متمانەی نێوانیان بێ بەکارهێنانی سیستمی ڕۆژاوایی "سۆئیفت" دابین دەکات.

سۆئیفت کە ناوەندەکەی لە وڵاتی بێلژیکە، بانکەکان لە ئاستی جیهاندا پێکەوە دەبەستێتەوە و زۆرتر سیستمە بانکییەکانی ئەمریکا وەکوو نێوبژیوان بەکار دێنێت.

دوای ئەوەیکە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران چووە دەرەوە، گەمارۆکان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە پەرەی سەند و پێوەندیی بانکەکانی ئێران لەگەڵ سۆئیفت پچڕا و زۆربەی بانەکانی ڕووسیەش بەهۆی هێرش بۆ سەر ئۆکراین، لەلایەن سۆئیفتەوە بەربەستی بۆ دانرا.

بە وتەی ئەو ڕۆژنامەیە، ڕێژیمی ئێران لەو دواییانەدا بەهۆی سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندانی خەڵک و ناردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاوایی گەمارۆی قورسی خراوەتە سەر کە ئابووریی ئەو وڵاتەی بەرەو وێرانی بردووە.