کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران

10:11 - 21 رێبەندان 2722

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ٩ کۆمپانیای ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆ نەوتییەکانی سەر ئەو ڕێژیمە خستە لیستی ڕەشی گەمارۆکانەوە.

ماڵپەڕی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی ڕایگەیاند کە ٩ کۆمپانیای بەهۆی دەور و نەخشیان لە بەرهەمهێنان، فرۆشتن و گواستنەوەی سەدان میلیۆن دۆلار مەوادی پێترۆشیمی و نەوتیی ئێران بە کڕیارانی وڵاتانی ناوچەکە، خستووەتە لیستی ڕەشی گەمارۆکانەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ٦ کۆمپانیا لەو ٩ کۆمپانیایە لە ئێرانن، ئەو سێ کۆمپانیاکەی دیکە لە وڵاتانی "مالێزی و سەنگاپوور"ن کە گەمارۆیان خراوەتە سەر.

"برایان نیلسۆن"، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا بۆ کاروباری تێرۆریزم و زانیارییە ماڵییەکان لە بەیاننامەیەکدا وتی: ڕێژیمی ئێران بۆ فرۆشتنی مەوادی پێترۆشیمی و نەوتیی وڵاتەکەی، ڕووی کردووەتە کڕیارانی وڵاتانی ناوچەکە کە ئەم کارەی ئێران پێشێلکردنی ڕوونی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانە.

ناوبراو هەروەها وتیشی، ئەمریکا بەردەوام سەرچاوە داراییە نایاساییەکانی ڕێژیمی ئێران دەکاتە ئامانج و گەمارۆی قورسیان دەخاتە سەر.