کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئیسرائیل بە ڕێژیمی ئێران

10:13 - 21 رێبەندان 2722

ئیسرائیل هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دەدات و دەڵێت: ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بیهەوێت بە بیانووی یارمەتیگەیاندن بە بومەلەرزەلێدراوانی سووریە چەکوچۆڵ ڕەوانەی ئەو وڵاتە بکات، ڕووبەڕووی وڵامێکی سەربازیی لێبڕاوانە دەبێتەوە.

بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئیسرائیل کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێت، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، بە هەواڵدەریی "ئیلافـ"ـی عەرەبستانی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بیهەوێت بە بیانووی یارمەتیدانی بومەلەرزەلێدراوانی سووریە چەکوچۆڵ بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا بنێرێت، ئەوە ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشی سەربازی دەکاتە سەریان و لەنێویان دەبات.

ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئیسرائیل وتیشی، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەدەستمان گەیشتووە، ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت لەو دەرفەتە بۆ هەناردنی چەکوچۆڵ کەڵک وەربگرێت، بەڵام دەبێ ئەوە باش بزانێت کە بێ‌ڕاوەستان ئەرتەشی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەریان و لەنێویان دەبات.

جێگەی ئاماژەیە کە ئەرتەشی ئیسرائیل بەردەوام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر کاروانی چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران لە سووریە.