کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلان و هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ ڕێپێوانی حکوومەتیی ٢٢ی بەهمەن

11:07 - 21 رێبەندان 2722

ڕێژیمی ئێران کە لە لێواری ڕووخاندایە، بەبۆنەی ٢٢ی بەهمەن، لە هەموو ڕێگایەکەوە لە هەوڵدایە کە خەڵکی کوردستان بێنێتە سەر شەقام، هەتا بەم شێوەیە نیشان بدات لەنێو خەڵکدا ڕەوایی هەیە و دۆخی ئەو وڵاتە ئاساییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری ''سیمینە''ی سەر بە بۆکان و گوندەکانی دەوروبەری، بە وەرزێڕانیان وتووە کە هەر کەس بەبۆنەی ٢٢ی بەهمەن بە تراکتۆر بێتە سەر شەقام و ڕێژە بڕوات، ١٠ کیسە کوتی شیمیایی پێ دەدەن.

هەروەها سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری بانە بەبۆنەی دەیەی فەجر و ٢٢ی بەهمەن، تاقمێک باشگا و ڕاهێنەری هەڵخەڵەتاوی ئەو شارەی ڕاسپاردووە کە منداڵ و لاوانی وەرزشکاری ئەو شارە بە مەبەستی کێبڕکێی وەرزشی ببەن بۆ شاری سنە و ڕێژیم لەنێو خەڵک و میدیاکانیدا وا چەواشەکاری بکات کە کوردستان لەم کات و ساتە ھەستیارەدا ئارامە و خەڵک دژی ڕێژیم نین.

لەلایەکی ترەوە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامی لە نامەیەکی هەڕەشەئامێزی تایبەتدا کە ناردوویەتی بۆ قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوای لە مامۆستایان کردووە کە دەبێ لە ڕێپێوانی حکوومەتیی ٢٢ی بەهمەندا بەشداری بکەن و ئەم بابەتە کاریگەریی لەسەر مووچە، هەڵسەنگاندن و پلەبەندیی مامۆستایان دەبێت.

بەگشتی ڕێژیمی ئێران لە هەموو پیلان و هەڕەشەیەک کەڵک وەردەگرێت تاکوو بە زۆرەملێ کۆمەڵێک کەس بێنێتە سەر شەقام و وەها بنوێنێت کە خەڵک پشتیوانی ئەو ڕێژیمەن، بەڵام هەموو کات ئەم هەوڵ و پیلانانەی ڕێژیم لەلایەن خەڵکی هۆشیاری کوردستانەوە پووچەڵ دەکرێنەوە.

شایانی باسە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەردەوام خەڵک و لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان بۆ دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی، بەنێرە تەبلیغاتییەکانی ڕێژیم بۆ ٢٢ی بەهمەنیان لە شەقام و کۆڵانەکان دەسووتاند.