کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپەڕینی دووبارەی خەڵکی بەلووچستان بە دروشمی دژی خامنەیی و کۆماری ئیسلامی

19:22 - 21 رێبەندان 2722

خەڵکی ئازادیخوازی زاهیدان و خاش، وەک هەینییەکانی چوار مانگی ڕابردوو، جارێکی دیکە دوای نوێژی هەینی، خۆپیشاندانی هەزاران کەسییان ڕێک خست.

ڕۆژی هەینی ٢١ی ڕێبەندان، خەڵکی ئازادیخوازی زاهیدان، پاش نوێژی هەینی و خوتبەکانی مەولانا عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی زاهیدان، خۆپیشاندانێکی گەورەیان لە دەوروبەری مزگەوتی مەککیی ئەم شارە ڕێک خست و دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا.

خەڵکی زاهیدان دروشمگەلی وەک "دەبێ زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن، نەمان بۆ خامنەیی، خامنەیی حەیا بکە دەست لە دەسەڵاتداری بکێشە، نەمان بۆ سپا و بەسیجیـ''ـیان وتەوە.

هەروەها خەڵکی ئازادیخوازی بەلووچستان بە بەدەستەوەگرتنی پلاکاردگەلێک کە لەسەریان نووسرابوو: "مەرگ بۆ ستەمکار، چ شا بێت چ ڕێبەر''، ''نە سەڵتەنەت نە ڕێبەری، ئازادی و بەرابەری''، ''نا بۆ ستەم و نا بۆ ناوەندگەرایی"، سەبارەت بە سانسۆر و چەواشەکارییەکانی هێندێک لە میدیاکانی فارسی‌زمان لە ڕاستای پشتیوانی لە لایەنێکی تایبەت کاردانەوەیان نیشان دا.

ئازادیخوازانی بەلووچستان هەروەها پلاکاردیان بەدەستەوە بوو کە بە ناونیشانی "هیچ هاوپەیمانییەک بەبێ نوێنەری حیزبەکانی هەموو گەلانی ئێران ڕەوایی نییە" و "نا بۆ ڕێبەریی تاکەکەسی" داوایان لە هەندێک کەناڵی فارسی‌زمان کرد کە لە ڕێگەی سانسۆرە سەرکردەیان بۆ دروست نەکەن.