کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: ژنان وەکوو نەتەوەکان و ئایینەکانی دیکەی ئێران بەرەوڕووی هەڵاواردنێکی بەربڵاو بوونەتەوە

19:26 - 21 رێبەندان 2722

مەولەوی عەبدولحەمید ئەمڕۆ لە نوێژی هەینیی زاهیدان لە قسەکانی خۆیدا باسی لەوە کرد، هەڵاواردن سەبارەت بە ژنان لە ئێستادا لەوپەڕی خۆیدایە و ژنان بوونەتە شارومەندی پلە دوو و مافەکانیان وەکوو نەتەوەکان و ئایینەکانی دیکەی ئێران لەگەڵ هاڵاواردنێکی بەرفراوان بەرەوڕوو بووەتەوە.

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنویژی هەینیی زاهیدان و کەسایەتیی گەورەی بەلووچستان، ئەمڕۆ ٢١ی ڕێبەندان، لە نوێترین قسەکانی خۆیدا بە ئاماژەدان بە ساڵوەگەڕی شۆڕشی گەلانی ئێران وتی کە هەرچی لەو شۆڕشە تێپەڕی خەفەقان و نابەرابەرییەکان زیاتر بوون و تا شوێنێک ژنان بوونە شارومەندی پەلە دوو و سوننە مەزهەبەکانیش بوونە شارومەندی پلە سێی ئەو وڵاتە.

پێشنوێژی هەینیی زاهیدان لە قسەکانیدا وتی: ''ئێمە هەرچی لە شۆڕشی گەلانی ئێران دوور کەوتینەوە، بە جێگەی ئەوەیکە ئەزموون بەدەست بێنین و باشتر بین، بەداخەوە تەنگ و چەڵەمەکلان لە ئێران زیاتر بوون و زۆرێک کە لە سەرەتادا لەگەڵ شۆڕش بوون، جیا بوونەوە یان ئێمە جیامان کردنەوە، چونکە مەیدانێکیان بۆ خۆیان نەدەدیت.''

هەروەها ئاماژەی بە بەرپرسیارنەبوونی سەرانی ڕێژیم کرد و وتی: ئیدارەکردن و بەڕێوەبەریی ئێران کەوتووەتە دەست نیزامییەکانەوە.

مەولەوی عەبدولحەمید لە پشتیوانی له زیندانییانی سیاسی، خوازیاری ئازادکردنی خێرای هەموو زیندانییانی سیاسیی شۆڕشی ئێستای گەلانی ئێران بوو و ئەمەی به داخوازیی خەڵک زانی.