کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی خەڵکی گوندی نەنەڵە بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان لوقمان ئەمینی و ئیبراهیم کەریمی

19:31 - 21 رێبەندان 2722

دوای تێپەڕبوونی ١١ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی دوو مامۆستای ئایینیی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، خەڵکی گوندی "نەنەڵە"ی سەر بە شاری سنە، جارێکی دیکە پشتیوانییان لەو دوو مامۆستا ئایینییە کوردە کرد و خوازیاری دەستبەجێ ئازادکردنیان بوون.

خەڵکی گوندی نەنەڵە ڕۆژی هەینی ٢١ی ڕێبەندان، وەک حەوتووی پێشوو دوای نوێژی هەینی لە بەردەم مزگەوتی ئەم گوندە کۆ بوونەوە و بە دانی دروشمی وەک ''نەمان بۆ خامنەیی، نەمان بۆ دیکتاتۆر و مامۆستا دەبێ ئازاد بکرێت'' ڕق و بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی ئێران دەربڕی.

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستایان لوقمان ئەمینی و ئیبراهیم کەریمی، کە لەنێو خەڵکدا وەک کەسایەتییەکی گەورە و خۆشناو و لایەنگری ڕاپەڕینی خەڵک کوردستان و ئێران ناسراون، لە ڕێگای سنە بۆ مەریوان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.