کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزب لە شاری مەهاباد

10:26 - 22 رێبەندان 2722

کاک محەممەد مەولان‌نژاد، خەڵکی شاری مەهاباد و پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی هەینی١٩ی ڕێبەندان ١٤٠١ی هەتاوی، کاک محەممەد مەولان‌نژاد، پێشمەرگەی پێشووی حیزب کە لە ساڵی ٥٨ی هەتاوی پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزب ببوو، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو پاش ماوەیەک پێشمەرگایەتی، لەسەر ئیزنی حیزبی دێموکرات گەڕابووەوە شاری مەهاباد و تا کۆتا ساتەکانی تەمەنی، بە ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە و کەسایەتییەکی خۆشەویستی ناوچەکە و لە بنەماڵەیەکی دێموکراتپەروەر بوو.

جێگەی ئاماژەیە کە ئەو بنەماڵەیە سێ شەهیدی ڕێگای ئازادیی سەربەستییان بە ناوەکانی شەهیدان ھێمن مەولان‌نژاد، حەسەن و كەریم ڕەحیمیان هەیە. شەهید هێمن لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزە تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بووە و شەهیدان حەسەن و كەریم ڕەحیمیان لەگەڵ ٥٩ لاوی مەھاباد لەسێدارە دران.

کاک محەممەد مەولان‌نژاد لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خزم و کەسوکاری کاک محەممەد دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.