کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی قوربانییانی بومەلەرزەی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان لە ٢٣ هەزار کەس تێپەڕی

12:36 - 22 رێبەندان 2722

بەپێی دوایین ئامارەکان لە ژمارەی قوربانییانی بومەلەرزەی ٧.٨ ڕیشتەریی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندان کە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان و چەندین شاری تورکیە و سووریەی هەژاند، هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٣ هەزار کەس گیانی خۆیان لەدەست داوە و ئەو ڕێژەیە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

بەپێی دوایین ئاماری ناوەندە حکوومەتییەکانی تورکیە، زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس لە باکووری کوردستان و بەشێک لە تورکیە گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس بریندار بوون.

وەزیری ژینگە و بەنداوسازیی تورکیە ڕایگەیاندووە کە بەهۆی ئەو بومەلەرزەیەوە ١٢ هەزار و ١٤١ باڵاخانە وێران بوونە.

هەروەها لە ڕۆژاوای کوردستان و چەند شاری سووریە، زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لە دەست داوە و ٧ هەزار کەسیش بریندار بوون.

لەو پەیوەندییەدا چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لە نوێترین ئاماری خۆی پێشبینیی کردووە کە ژمارەی قوربانییان لە سووریە لە ٦ هەزار کەس تێپەڕێت.