کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد و کاریگەریی لەسەر ڕاپەرینی ژینا

20:47 - 22 رێبەندان 2722

عومەر باڵەکی

زیاتر لە سەد ڕۆژە شەقامەکانی ئێران بوونەتە گۆڕەپانی ململانێی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە دەسەڵاتی ئاخوندی لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە هێزی سەرکوتگەری کۆک وپۆشتەی ڕێژیم کە لە بەرانبەر دەستی بەتاڵی خەڵک دەست لە هیچ جینایەتێک ناپارێزن.

 لەو ماوەیەدا گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوشان لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران لەو ناڕەزایەتییانەدا بەشداریی چالاکانەی هەبووە، بە چەشنێک کە دوور لە چاوەڕوانی دەسەڵاتدارانی تاران بووە. چونکە دەسەڵاتدارانی تاران لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا بە هەموو ئیمکاناتی نیزامی، سیاسیی، ئابووری و فەرهەنگی هەوڵیان داوە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەچۆک دابێنن و لە ویست و داخوازییەکانیان پاشگەزیان بکەنەوە و کەلین و درز باوێنە نێوان گەلی کورد و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام دیتمان دوای ئەوەی لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان پۆلیسی بەناو ئەخلاقی کۆماری ئیسلامی بەناحەق کچە کوردی شاری سەقز، ژینا ئەمینییان لە تاران شەهید کرد و بەدوای بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ مانگرتنی گشتی و داخستنی دوکان و بازار، کوردستان تێکڕا وەڵامی ئەو بانگەوازەی دایەوە.

کوردستان کە ماوەی ٤٣ ساڵە بە هەموو شێوازەکانی خەبات دژ بە سیاسەتەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خەبات و بەربەرەکانیدا بووە و لەو ماوە دورودرێژەدا بە ڕووبار خوینی لە بەر ڕۆیشتووە، کەچی بۆ چرکەساتیکیش سیاسەتی سەرکوتکارانی ڕێژیم نەیتوانیوە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خەبات بۆ وەدەستخستنی مافەکانی سارد بکاتەوە. بۆیە لەو هەلومەرجەشدا چاوەڕوانکراو بوو کە خەڵکی کوردستان وەک ساڵانی پێشوو بەدەم بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە بین و ئەو بەدەم بانگەوازهاتنە کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە شەهیدکرانی ژینا ئەمینی بوو، سەرەتای ڕاپەرینێکی جەماوەریی بەربەرین بوو لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە ماوەیەکی زەمەنیی کورتدا بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ١٦٠ شار و شارۆچکەی ئێرانی گرتەوەهەر زوو دەنگی ئەو ڕاپەرێنە جەماوەرییە سنوورەکانی ئێرانی بڕی و دەنگی ناڕەزایەتیی گەلانی ئێران بە گوێی گەلانی دیکەی جیهان گەیشت و شەپۆلێکی بەربەرین لە هەست و سۆز و پشتیوانیی کۆمەڵگەی جیهانی لە خەڵکی ڕاپەریوی ئێران دروست بوو، و پێ بە پێی چوونەپێشی ناڕەزایەتییەکان سەرکوتی بێ‌بەزەییانەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم توندوتوندتر دەبوو و ئەوە بیجگە لە بەرحەق‌بوونی داواکاریی خەڵکی ناڕازیی سەرشەقام  ئەو توندوتیژییانەی هێزەکانی ڕێژیم هۆکارێکی گرینگ بوون کە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆمەڵگەی جیهانیدا زیاتر لە جاران تەریک بکەوێتەوە و خەڵکی ناڕازی سوورتر بکا بۆ مانەوەیان لەسەر شەقامەکان و دەربرینی ناڕەزایەتی.

ڕەوتی ڕووداوەکان بە ڕادەیەک خیرا بوو کە دەسەڵاتدارانی تارانی بۆ ماوەیەک تاساند، چونکە قەت لە باوەڕیاندا نەبوو کە ڕووداویکی وەک شەهیدکردنی کچە کوردێک لە تاران ببێتە سەرەتای ڕاپەرێنێکی جەماوەریی بەربەرین کە سەرانسەری خاکی ئێران بگرێتەوە و پایەکانی دەسەڵاتداریەتی ئەو نیزامە وەلەرزە بخا.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی پێیان وابوو وەک ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو لە ماوەی چەند ڕۆژ یا حەوتوودا بە هۆی دەستێوەردانی هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانەوە دەتوانرێ ئەو ناڕەزایەتییانە کپ دەکڕینەوە و خەڵکی ناڕازی شەقامەکان چۆڵ دەکەن و دەگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان و دنیای دەرەوەش لە بەر ساتوسەودای ئابووری و بەرژەوەندییەکانیان چاوپۆشی لە سەرکوتی خەڵک دەکەن. بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان و درێژەکیشانی ناڕەزایەتییەکان و مانەوەی خەڵک لەسەر شەقامەکان و هاتنەئارای دروشمە پێکهاتەشکێنەکان کە بنەما و بنچینەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی کردبووە ئامانج و نیشانە، پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی دەسەڵاتدارنی ڕێژیمی سەلماند. چونکە ڕق و بیزاریی پەنگ‌خواردووی گەلانی ئێران لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوو بە چەشنیک بوو کە تەنیا پێویستی بە ڕووداویک بوو کە بە ڕووی دەسەڵاتدارانی تاراندا بتەقێتەوە. بە واتایەکی دیکە تەقینەوەی ئەوجارەی گەلانی ئێران بە ڕووی  نیزامی کۆماری ئیسلامیدا کە ڕوخساری ڕاپەڕینێکی بەربەرین و هەمەلایەنەی بە خۆیەوە گرتووە، بەرهەمی کۆمەڵێک سیاسەتە کە سەرچاوەگرتووە لە بنەماکانی نیزامی کۆماری ئیسلامییە. وەک ڕەچاونەکردنی مافی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران، بەرتەسککردنەوەی بازنەی دەسەڵات لە تاقمێکی دیاریکراودا، هەوڵدان بۆ کۆمەڵگەیەکی یەکدەستی فەرهەنگی و تواندنەوەی هەموو فەرهەنگ و کولتوورەکان لە فەرهەنگ و کولتووری دەسەڵات، سیاسەتی دەرەکیی دوژمن‌ساز و تەریککەوتنەوەی ئێران لە کۆمەڵگەی جیهانی، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان (هەناردەکردنی شۆرش) و...، ئاکامی هەموو ئەو سیاسەتە چەوت و هەڵانە لە نێوخۆی ئێران ڕەنگی داوەتەوە و کۆمەڵگەیەکی هەژار لە بواری ئابووری و تینوو بە ئازادیی بەرهەم هێناوە، بۆیە ڕووداویکی وەک شەهیدبوونی "ژینا ئەمینی" توانی ببێتە چەغماخەی ڕاپەرینێکی سەرانسەری لە ئێراندا.    

کاتێک دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتنە خۆ بۆ ئەوە پێش بەو ڕاپەرینە بەربەرینە بگرن، بە جیگای ئەوە داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن و هەوڵ بدەن بکەرانی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بدەنە دادگایەکی دادپەروەر بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان، وەک سیاسەتی هەمیشەییان دەستیان بۆ کەرەسەی سەرکوت برد و هێزە نیزامییەکانی خۆیان ڕژاندە سەر شەقامەکان و بێ‌سڵەمینەوە دەستیان لە هیچ جینایەتێک نەپاراست؛ بە چەشنێک هەتا ئێستا بەپێی ئامارە زانراوەکان زیاتر لە پینج‌سەد کەس لە گەنج و لاوی ئێران و کوردستانیان لە شەقامەکان شەهید کردووە و زیاتر لە چەند هەزار کەس بریندار بوون و بە هەزارانیش دەستبەسەر و ڕاپێچی زیندانەکان کراون. هەر بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی تاران بیسەلمێنن کە ژینا ئەمینی یان نەکوشتووە! لە هەمان کاتدا لە ماوەی ئەو سەد ڕۆژە ڕاپەڕینەدا شیوازی سەرکوت و بەرەنگاری هێزەکانی دەسەڵات لەگەڵ خۆپێشاندەران لە کوردستان و بەلووچستان زۆر جیاوازتر بووە لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی ئێران، ئامارەی شەهید و بریندار و دەستبەسەرکراوەکان لەو دوو ناوچەیە ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە سەرکوت لە کوردستان و بەلووچستان زۆر بێ‌بەزەییانە و دوور لە هەموو پرنسیپێکی ئینسانی و حکومەتداری بووە. 

سەرکوت و زەبروزەنگ نواندنی دەسەڵاتدارانی تاران لە کوردستان  شتێکی نوێ نییە و چونکە هەر لە سەرەتای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە ئێران، ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی (خومەینی) فتوای جیهادی بە دژی گەلی کورد دەرکرد و شەڕێکی نەخوازراو و نابەرابەریان بە سەر گەلی کورددا سەپاند کە بەداخەوە هەتا ئێستاش ئەو شەڕە لە وێناوشکلی جیاوازدا درێژەی هەیە و ماوەی ئەو ٤٣ ساڵەی حوکمرانیی ئەو نیزامە سیاسییە، کوردستان بە چاوی ئەمنییەتییەوە سەیری کراوە. بەڵام بەپێچەوانەی ویستی ڕێژیم گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا تەحموولی هەموو سەرکوت و ئەزیەت و ئازارێکی کردووە و لە خەبات بۆ وەدەستخستنی مافەکانی هیچ جۆرە پاشەکشەیەکی نەکردووە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە کە گەلی کورد خاوەنی حیزبی ڕەسەن و بەئەزموونە بەو مانایە کە ویست و داخوازیەکانیان لە چوارچێوەی بەرنامەی حیزبەکاندا ڕێک خستووە و بە چەشنێک کە لە بواری سازماندەیی و ڕێکخستنەوە جیاوازییان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران هەیە، بۆیە دەسەڵاتدارانی تاران لەگەڵ ئەودا کە ماوەی ٤٣ ساڵە لە دەزگاکانی تەبلیغی و ڕاگەیاندنەکانی خۆیاندا بە گوێی گەڵانی ئێراندا دەچرپێنن کە توانیویانە حیزبەکانی کوردستان سەرکوت و لە مەیدان بەدەریان بکەن، بەڵام  کردەوەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی  درحەق بە حیزبەکانی کوردستان ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای دژواربوونی مەیدانی خەبات هەروا بە گوڕوتین لە مەیدانی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی‌دان. بۆیە دەسەڵاتدارانی نیزام و بەتایبەتی فەرماندەرانی سپای پاسداران ئەو جاریش هەروەک جارەکانی دیکە بە بیانووی پروپوچی وەک بەشداریی هێزی پێشمەرگە لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان و بوونی بنکەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەنێو بنکەوبارەگاکانی حیزبەکان،  لە پێشنیوەڕۆی ٦ی ڕەزبەر، واتا تەنیا ٨ ڕۆژ دوای دەستپێکردنی ڕاپەرینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان و ئێران سپای پاسداران بە دەیان مووشک و دڕۆنی خۆکوژ بنکەوشوێنی نیشتەجیبوونی بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی نیشتەجی لە باشووری کوردستان کردە ئامانج؛ بەو خەیاڵە کە بە سەرکوتی دڕندانەی خەڵکی کوردستان لەسەر شەقامەکان و مووشەک‌باران کردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن پاشەکشە بە خەڵک و حیزبەکان و لە مەیدان بەدەریان بکەن و لە هەمان کاتدا پەیام بدەن بە گەلانی دیکەی ئێران کە نەکەن هاودەنگی کوردستان بن ئەوە کورد خەریکە تەواویەتی ئەرزی ئێران دەخاتە مەترسییەوە بۆیە هێزی نیزامی سپای پاسداران ئاوا خیرا دژ کردەوەی لە خۆی نیشان داوە و لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران ناوەندی کۆکردنەوە و سازماندەهی ئەو مەترسییە گەورەی لەسەر ئێران بە مووشک و دڕۆنی مووشک‌هاوێژ و خۆتەقێن کردۆتە ئامانج. پاساویکی بێ‌بنەما بۆ سەرکوتی جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد کە ماوەی ٤٣ ساڵە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەرخواردی کۆمەڵگەی ئێرانی دەدەن. ئەگەر لە سەردەمانێکدا بە هۆکاری جۆراوجۆر و جیاواز بێجگە لە کوردستان، بەشەکانی دیکەی ئێران بە چاوی گومانەوە دەیانڕوانییە جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و لە بەرانبەر ئەو زوڵم و ناحەقیانەی لە گەڵی کورد دەکرا و بە جۆرێک لە جۆرەکان بێدەنگییان هەڵبژاردبوو، بەڵام ئەو جارەیان لە دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، بە پێچەوانەی ڕابردوو کوردستان بوو بە پێشەنگی خەبات بەدژی دەسەڵاتدارانی ئێران و شوعاری ژن،ژیان،ئازادی بوو بە شوعاری سەرەکی هەموو نارەزایەتییەکانی سەرانسەری ئێران. بەو مانایە ئەو جار کوردستان بەتەنیا نەبوو، ئەوە نیشانەی ئەوە بوو کە خۆڕاگریی خەڵک و حیزبەکانی کوردستان لە ماوەی ئەو ٤٣ ساڵەدا لە بەرانبەر سیاسەتی هەڵە و چەوتەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئەو حەقانییەتەی بە خەڵکی کوردستان داوە کە گەلانی دیکەی ئێران هەست بە ڕەوابوونی داواکارییەکانی گەلی کورد بکەن و بەپێچەوانەی چاوەڕوانی دەسەڵاتدارانی نیزام کوردستان بوو بە "چشم و چراغ ایران" و لە ماوەی زەمەنیی خۆپێشاندانەکاندا ئەو دروشمە بە هەزاران جار لەسەر زاری خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران دووپات بووە.

بە دەنگەوە هاتنی خەڵکی کوردستان بە بانگەوازەکانی ناوەندی هاوکاری لە ماوەی ئەو سەد ڕۆژەدا و بەشداری و پشتیوانیی گەلانی دیکەی ئێران لە ڕاپەرینی "ژینا" و گشتگیربوونی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوون کە نیزامی کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتیی خۆیدا تووشی شکان و داڕمان بووە و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروا پشتیوان و پشتگیری حیزبەکانی کوردستانن و حیزبەکان بە ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوایەتی و مافخوازانەی خۆیان دەزانن.

سیاسەت و هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا نەیتوانیووە لە کوردستان جیگەوپێگەیەک بۆ ئەو نیزامە دەستەبەر بکا و خەڵک و حیزبە سیاسییەکانی گۆڕەپانی خەبات لێک داببرێ. بەو مانایە کە ڕووداوەکانی ئەو سێ مانگە سەلمێنەری ئەوە بوون کە ئامانجی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیا نین لە ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان. بۆیە دەتوانین بڵێین کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە بەربەرەکانی لەگەڵ خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد دوای ٤٣ ساڵ هیشتا لە خاڵی سفر دان و نەیانتوانیوە هیچ سەرکەوتنێک بۆ ئامانجەکانی خۆیان چ لە بواری سیاسیی وچ لە بواری ئەمنییەتییەوە لە کوردستان دەستەبەر بکەن.

پوختەی مەبەست: ڕاپەرینی "ژینا" ڕوخساری ڕاستەقینەی داپۆشراوی نیزامی کۆماری ئیسلامی کە وا وێنا دەکرا کە سیستمێکی سیاسیی سەقامگیرە و گەلانی ئێران پشتیوان و پشتگیریی دەکەن بەتەواوی دەرخست، لە ماوەی ئەو سەد ڕۆژەدا کە لە مێژووی ئێراندا بە شۆرشی ژینا دەنوسرێتەوە، سەلماندی کە سیستمی سیاسیی مەزهەبیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەردەمی ئێستادا ناتوانی وەڵامدەری ویست و داخوازی و نیازەکانی کۆمەڵگەی ئێران بێ و لە هەمان کاتدا ئەو ڕاپەرێنە جەماوەرییە لە ماوەی ئەو سەد ڕۆژەدا ئاڵوگۆڕێکی ئەوەندە بەربەرینی لە پێوەندییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان لەنێو کۆمەڵگەی ئێران پێک هێناوە کە ڕەنگە لە هەلومەرجی ئاساییدا بە چەندین ساڵی پێویست بوایە کە ئەو هاوپێوەندییە لە گوتار و کرداری گەلانی ئێراندا پێک بێ، کە ئەوە دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگەیەکی ناڕازی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. لە هەمان کاتدا ڕاپەرینی "ژینا" بە هۆی بەردەوامی و هاوپێوەندییەکی سەرانسەری لەنێو گەڵانی ئێران لە ماوەی سەد ڕۆژی ڕابردوودا توانی سەنگ و قورسایی خۆی بە کۆمەڵگەی جیهانی نیشان بدا و هەتا ڕادەیەکی بەربەرین توانیویەتی پشتیوانی وپشتگیریی کۆمەڵگەی جیهانی و نێودەوڵەتی بۆخۆی دەستەبەر بکا.

ڕاپەرینی ئەو جاری گەلانی ئێران بەدژی نیزامی دەسەڵاتداری تاران بە تێپەربوون لە ماوەی زەمەنی سەد ڕۆژە، پێی ناوەتە قۆناخێکی دیکەی خەبات و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران پشتگیری و پشتیوانی زیاتر دەبێ و نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران تەریک و تەریکتر دەبێتەوە و دەبێ لە بیرمان بێ مێژوو سەڵماندوویەتی کە زەبروزەنگ و توندوتیژی دەسەڵاتداران بەدژی خەڵکی ناڕازی لە دەسەڵات لە کۆتاییدا هەر بە ڕووی دەسەڵاتداراندا دەشکێتەوە و سەرکەوتن بۆ بەرەی خەڵکە.

ئەم وتارە لە کتێبی "سەد ڕۆژەی شۆڕشی ژینا"، چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبدا بڵاو بۆتەوە