کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری قوربانییانی بومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان، سنووری ٢٧ هەزار کەسی تێپەڕاند

10:00 - 23 رێبەندان 2722

بەپێی دوایین ئامارەکان لە ڕێژەی قوربانییانی بومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندان کە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان و چەندین شاری تورکیە و سووریەی هەژاند، هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٧ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و ئەو ڕێژەیە بەردەوام بەرزتر دەبێتەوە.

سەرەڕای تێپەڕینی ٦ ڕۆژ لە بومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان، زیاتر لە ٢٧ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و ناوەندی بەڕێوەبەریی ڕووداوە لەناکاو و سروشتییەکانی تورکیە ڕایگەیاند کە خەسارەکانی ئەو بومەلەرزەیە بەرابەرە لەگەڵ خەساری ٥٠٠ بۆمبی ناوکی.

سەرۆککۆماری تورکیە، ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە تا ئێستا بەهۆی بومەلەرزەکەوە ٢١ هەزار و ٨٤٨ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٨٠ هەزار و ١٠٤ کەسیش بریندار بوون.

لە ڕۆژاوای کوردستان و چەند شاری سووریەش زیاتر لە ٥ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و ٧ هەزاران کەسیش بریندار بوون.