کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: دوور و نزیک پێوەندیمان بە هێرشە دڕۆنییەکانی سەر کۆماری ئیسلامییەوە نییە

22:22 - 12 رێبەندان 2722

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان ئێران سەبارەت بە هەڵمەتە چەواشەکارانەکانی ڕێژیمی ئێران لەبارەی هێرشە دڕۆنییەکانی ئەم دواییەی سەر ئیسفەهان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بەدوای هێرش بۆ سەر چەند بنکەیەکی سەربازیی ڕێژیم لە ئیسفەهان، مێدیاکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە و بەلاڕێدابەرانەی دیکەدا قامکی تاوانیان بۆ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن ڕاداشتووە. دەزگای تەبلیغاتیی ڕێژیم ئیدیعا دەکەن بە هاوکاری و چاوساغیی حیزبە کوردییەکانی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان کەلوپەلی دڕۆنەکان بردراوەتە ئێران و ئەو حیزب و لایەنانە لەسەر داوا و ڕاسپاردەی دەزگاکانی هەواڵگریی وڵاتانی نەیاری ئێران بەشدارییان لەو هێرشە دڕۆنییەدا کردووە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەتوندی ئەو ئیدیعایەی دەزگای پڕوپاگەندەی ڕژیم ڕەت دەکاتەوە و ڕادەگەیەنین دوور و نزیک هیچ پێوەندییەکمان بەو هێرشانەوە نەبووە و نییە. هەروەک پێشتریش ڕامانگەیاندووە حیزبەکانی کوردستانی ئێران هیچ‌کات خاکی هەرێمی کوردستانیان بۆ هیچ هێرش و هەڕەشەیەکی ئەمنییەتی و نیزامی لە دژی کۆماری ئیسلامی بەکار نەهێناوە و ئەوەی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا کردوویەتی، بیانوو و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی بنەڕەتی بابەتەکان بە مەبەستی تایبەت بووە.

دیارە ئەوە یەکەمجار نییە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆ و چەواشەکاری و سیناریۆسازیی بەردەوام بوار بۆ سنووربەزاندن، کردەوەی تێرۆریستی و هێرشی نیزامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و زەبروەشاندن لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان خۆش دەکات. بەڵام هەم لە نێوخۆی ئێراندا خەڵک بە تەواوی نێوەرۆکی جینایەتکارانە و دژی گەلیی ئەو ڕێژیمەیان ناسیوە ‌و باوەڕ بەم جۆرە ساختەکاری ‌و سیناریۆیانەی ناکەن، هەم لەنێو کۆڕ‌‌ و کۆمەڵی نێودەوڵەتیشدا، کۆماری ئیسلامی بەو کارنامەی کە لە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان و قەیرانخوڵقێنی هەیەتی، هیچ ئێعتبارێکی بۆ خۆی نەهێشتووەتەوە.

کۆماری ئیسلامی له هه‌لومه‌رجێکدا که هه‌م له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیی بێوێنه‌ی خه‌ڵکی ئێران به‌ره‌وڕوویه و هه‌م له‌ژێر فشارێكی زۆری نێوده‌وڵه‌تیدایه، ناتوانێت بەو چەواشەکارییانە خۆی لە ئاست بەرپرسایەتی و دەروەستییەکانی بە پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان بدزێتەوە. بۆیە جارێکی دیکە وێڕای ڕەتکردنەوەی بانگەشە بێ‌بنەماکانی ڕێژیم، سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی، ئیران
و گەلی کورد و ناوەندەکانی بڕیار بۆ بیانووپێگرتن و شەڕخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕادەکێشین و داوا دەکەین لەو پێوەندییەدا ڕێوشوێنی پێویست و گونجاو بگرنە بەر.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١
١ی فێوریەی ۲۰۲۳