کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی "دابینکردنی کۆمەڵایەتی" لە شارەکانی ئێران

09:45 - 24 رێبەندان 2722

خانەنشینکراوانی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکانی ئەلئەحواز و کرمان، لەهەمبەر پێنەدانی مووچەی مانگانەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، خانەنشینکراوانی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە چەندین شاری ئێران، لەهەمبەر پێنەدانی مووچەکانیان لە شارەکانی ئەهواز، شووش، کەرخە، حەوت تەپە و شووشتەر و هەروەها لە شاری کرمان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، ڕژانە سەر شەقامەکان.

بەپێی ڕاپۆرتی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، خانەنشینکراوانی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بە هەڵگرتنی پلاکاردی تایبەت بە ناڕەزایەتییەکانیان لە بەردەم ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان کۆ بوونەوە و داوای مافی خۆیان لەو ئیدارەیە و هەموو دەسەڵاتدارانی حکوومەت کرد.

خانەنشینکراوانی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی هەروەها ڕایانگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی ماف و ویستەکانیان لەلایەن بەرپرسانی دەسەڵاتەوە جێبەجێ نەکرێت، لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوامن.

جێگەی ئاماژەیە کە چەندین ساڵە دەسەڵاتی سەرەڕۆ لە ئێران بە جێگەی ئەوەیکە ئاوڕێک لە خەڵکی وڵاتەکەی بداتەوە بەردەوامە لە بە تاڵانبردن و دزینی سەروەت و سامانی وڵاتی ئێران و بەڕێکردنیان بۆ میلیشیاکانی لە وڵاتانی ناوچەکە بە مەبەستی پەرەپێدان بە ئاژاوەگێڕییەکانی لە ناوچەکە و جیهاندا.