کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازادیی کاتیی دوو مامۆستای ئایینیی نیشتمانپەروەر لە پیرانشار

09:59 - 24 رێبەندان 2722

مامۆستا شەریف مەحموودپوور و مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی، دوو مامۆستای ئایینیی نیشتمانپەروەری خەڵکی شاری پیرانشار، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستا شەریف مەحموودپوور، پێشنوێژی مزگەوتی ڕەسوڵڵای پەسوێی پیرانشار و مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی، مامۆستای قوتابخانەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیووبی لە پیرانشار، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەکانی ڕێژیم ئازاد کران و دوای گەڕانەوەیان بۆ پەسوێ، لەلایەن خەڵکی ئەو شارەدێیەوە پێشوازییان لێ کرا.

ئەو دوو مامۆستا ئایینییە کوردە، بەهۆی پشتیوانیکردن لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران بە تایبەتی گەلی کورد، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و پاش لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەو شارە، گواسترانەوە بۆ بەندیخانەی ڕێژیم لە ورمێ و لەو بەندیخانەیە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی تا کاتی دادگاییکردنیان بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

شەوی دووشەممە ٣ی ڕێبەندان پاش خوێندنەوەی بەیاننامەی مامۆستایانی ئایینیی شاری پیرانشار لەلایەن مامۆستا شەریفەوە سەبارەت بە پشتیوانیکردن لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و هەروەها مەحکوومکردنی سزای سێدارە، هێزەکانی ڕێژیم ئەو مامۆستا بەهەڵوێستەیان دەسبەسەر کرد.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٤ی ڕێبەندان مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی لە جادەی پەسوێ- پیرانشار، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.