کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی خۆشناوی ناوچەی سەلاسی باوەجانی ماڵاوایی لە ژیان کرد

16:44 - 24 رێبەندان 2722

حاجی مامۆستا مەلا محەممەد ڕەزایی ناسراو بە مەلا محەممەدی باوەجانی کەسایەتیی ئایینی، نیشتمانپەروەر و خۆشناوی ناوچەی سەلاسی باوەجانی، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندان، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مەلا محەممەدی باوەجانی لە ساڵی ١٣٢١ی هەتاوی لە گوندی مەیدان خوێی سەر بە ناوچەی سەلاسی باوەجانی لەدایک بووە. ناوبراو تا ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی وێڕای خوێندنەکەی، کاری وەرزێڕی و ئاژەڵداریی کردووە و پێشنوێژی گوندەکەی خۆیانی وەئەستۆ گرتووە.

لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، مەلا محەممەدی باوەجانی کە هەستی بە زوڵم و ستەمی ڕێژیمی پەهلەوی کردبوو، پەیوەندیی بە تەشکیلاتی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتەوە گرتووە و لەگەڵ چەندین کەسی شۆڕشگێڕی گوندەکیان وەک ئەندامی حیزب هەڵوێستیان دەربڕیوە.

هەڵوێستی ئازایانەی مامۆستا محەممەد بەرامبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بووە هۆی ئاوارەبوونی بۆ باشووری کوردستان و پاشان بۆ ئۆردوگای ڕۆمادی. ناوبراو لەو ئۆردوگایەش کاروباری خەڵکی لە بواری ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە ڕادەپەڕاند.

ناوبراو ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی و تا کۆتایی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزب و گەلەکەی مایەوە .

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری مەلا محەممەد دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.