کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانۆڕی سپای تێرۆریستی پاسداران بە نێو شاری سنەدا

09:45 - 13 رێبەندان 2722

سپای تێرۆریستی پاسداران لە شاری سنە، بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە ڕاپەڕینی سەرانسەری، بەنێو شاری سنەدا مانۆڕی سەربازیی لێ دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، هێزەکانی سپای پاسداران بەنێو شاری سنەدا مانۆڕی سەربازییان لێ داوە و لەو ڕێگەیەوە ویستوویانە ترس بخەنە دڵی خەڵكی شۆڕشگیڕی سنەوە کە درێژە بە ڕاپەڕینی سەرانسەریی نەدەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە هەموو شەوێک لاوانی ئەو شارە بێ ترس و دڵەڕاوکێ بە شێوەی جۆراوجۆر، چالاکیی خۆیان دژی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدەن.

سپای تێرۆریستی پاسداران لە کاتێکدا لە شاری سنە مانۆڕی سەربازیی بەڕێوە برد کە شەوی ڕابردوو لە ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام، خۆپیشاندەران وێنە و هێماکانی کۆماری ئیسلامییان لەو شارەدا سووتاند و سەلماندیان کە مانۆڕ و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بێدەنگ ناکات و ڕاپەڕین بەردەوامە.