کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری قوربانییانی بومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان سنووری ٣٧ هەزار کەسی تێپەڕاند

10:17 - 25 رێبەندان 2722

بەپێی دوایین ئامارەکان لە ژمارەی قوربانییانی بومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممەی ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندان، کە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان و چەندین شاری تورکیە و سووریەی هەژاند، هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٧ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و ئەو ڕێژەیە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی ئیدارەی بەڕێوەبەریی ڕووداوە لەناکاوەکانی تورکیە ڕایگەیاند کە ئاماری قوربانییانی ئەو بومەلەرزەیە لە  تورکیە گەیشتووەتە ٣١ هەزار ٦٤٣ کەس و ئیدارەی بەڕێوەبەری ڕووداوە لەناکاوەکانی تورکیەش ڕایگەیاند کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیاتر لە ٦ هەزار و ٤٤٤ بینا و یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوەتی ڕووخاون.

هەروەها ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیاتر لە ٥٩٠٠ کەس لە سووریە و ڕۆژاوای کوردستان بوونەتە قوربانی.

نەتەوە یەکگرتووەکان لەمبارەوە هۆشداریی داوە کە ٨٧٠ هەزار کەس لە سەرتاسەری باکوور و ڕۆژاوای کوردستان و هەروەها تورکیە و سووریە پێویستییان بە هاوکاریی خێرای مرۆیی هەیە. هاوکات سەرووی ٥.٣ میلیۆن کەسیش بەهۆی بومەلەرزەکەوە ئاوارە بوون. ڕایشیگەیاند کە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەوە دەگاتە سەرووی ٥٠ هەزار کەس.

هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە بومەلەرزەکە کاریگەریی لەسەر ٢٤.٤ میلیۆن کەس لە ڕووبەرێکی ٤٥٠ کیلۆمەتری لە باکووری کوردستان و تورکیە و ڕووبەرێکی ٢٥٠ کیلۆمەتری لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریە هەبووە، کە ١.٤ میلیۆنی ئەو ژمارەیە منداڵ و مێرمنداڵن.