کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا چەندین بەڵگەی لە دابینکردنی چەکوچۆڵی حوسییەکان لەلایەن ئێرانەوە خستە ڕوو

10:41 - 25 رێبەندان 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندان، بریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بۆ یەکەم جار چەندین بەڵگەی بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوە کە نیشان دەدات ڕێژیمی ئێران چەکوچۆڵی پێشکەوتووی بۆ حوسییەکانی یەمەن دابین کردووە.

دەوڵەتی بریتانیا ئەو بەڵگانەی بە مەبەستی دەرخستنی پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەت لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ڕادەستی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە.

ئەو چەکۆچۆڵانەی کە لەلایەن هێزی دەریایی بریتانیاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە قاچاخی ئەو چەکوچۆڵانەوە گرێ دەداتەوە.

بریتانیا ئەو بەڵگانەی خستووەتە بەردەست نوێنەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی شۆرای ئەمنییەت کە بەم زووانە بڵاو دەبێتەوە، باسی لەسەر دەکرێت.

لەو پێوەندییەدا ''بن والاس''، وەزیری بەرگریی بریتانیا وتوویەتی، وڵاتەکەی پایەبەند بە یاسا نێونەتەوەییەکانە و بەرەنگاری چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە کە پێشێلکەری بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەت و هەڕەشەیەک بۆ ئاشتیی جیهانییە.

هەروەها تارق ئەحمەد، وەزیری ڕاوێژکاری دەوڵەتی بریتانیا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وتی: بۆ جارێکی دیکە هەوڵەکانی ئێران لە بڵاوکردنەوەی بێ شەرمانەی چەکوچۆڵ و چالاکییە تێکدەرەکانی لە ناوچەکەدا ئاشکرا بوو.