کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران لە پیرانشار برنجی ماوەبەسەرچوو لەنێو خەڵکدا بڵاو دەکاتەوە

17:26 - 25 رێبەندان 2722

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی هەلپەرستی و هەوڵەکانی بۆ ڕاکێشانی خەڵک، لە شاری پیرانشار بە فرۆشتنی برنجی هەرزانتر لە نرخی بازاڕ، دەیەوێت خۆڵ لە چاوی خەڵک بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، سپای تێرۆریستی پاسداران، لە شاری پیرانشار ئاگاداریی بڵاو کردووەتەوە کە لە فرۆشگەکانی خۆی لەو شارە بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕ برنج بە هاووڵاتییان دەفرۆشێت و دەیهەوێت لەو ڕێگەیەوە سەرنجی هەموو خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و دەست بەسەر بازاڕی ئازاددا بگرێت.

سپای پاسداران لە کاتێکدا ئەو پیلانە بەڕێوە دەبات کە بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە دۆخی ژیانی خەڵک لەوپەڕی خراپیدایە و ئەویش لە دەرفەت کەڵک وەردەگرێت و برنجی ماوەبەسەرچوو لە فرۆشگەکانی خۆی بە خەڵک دەفرۆشێت.

چالاکانی ئەو شارە ڕایانگەیاندووە کە پێویستە خەڵکی پیرانشار هەموو فرۆشگەکانی سپای پاسداران بایکۆت بکەن و بەرپەرچی ئەو پیلانەشی بدەنەوە.