کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا چەکوچۆڵی دەسبەسەرداگیراوی ڕێژیمی ئێران ڕەوانەی ئۆکراین دەکات

09:57 - 26 رێبەندان 2722

واڵ‌ ستریت ژۆرناڵ، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکایی و ئورووپاییەوە ڕایگەیاند، ئەگەری زۆری هەیە کە ئەمریکا هەزاران چەک و زیاتر لە یەک میلیۆن فیشەک و تەقەمەنیی دەسبەسەرداگیراوای ڕێژیمی ئێران کە دەیویست بینێرێت بۆ حووسییەکانی یەمەن، بدات بە ئۆکراین.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی بڵاو بووەتەوە، پاش دەسبەسەرداگرتنی زیاتر لە ٥ هەزار چەکی شەڕ و زیاتر لە یەک میلیۆن فیشەکی چەکی سووک، مووشەکی دژە تانک و زیاتر لە ٧ هەزار گوللـە ئارپیجی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ حووسییەکانی یەمەن نێردرابوو، ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی چۆنیەتیی هەناردنی ئەو چەکوچۆڵە وەکوو یارمەتی بۆ وڵاتی ئۆکراینە.

جێگەی ئاماژەیە کە ئەو بارە چەکوچۆڵەی ڕێژیمی ئێران، لە ماوەکانی ڕابردوودا لەلایەن ئەمریکا و فەرانسەوە وەکوو بەشێک لە هەوڵە جیهانییەکان بۆ پێشگرتن لە قاچاخی چەکوچۆڵ بۆ یەمەن دەستی بەسەردا گیرابوو.

بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکایی بە واڵ ‌ستریت ژۆرناڵی ڕاگەیاندووە کە ئەوە پەیامێکە بۆ ڕێژیمی ئێران کە چیدیکە چەکوچۆڵ بۆ گرووپە میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا نەنێرێت و لە ئێستادا کە ڕێژیمی ئێران لە شەڕی ئۆکراین و ڕووسیە یارمەتیی ڕووسیە دەکات، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیانهەوێت ئەو چەکوچۆڵە بنێرنە ئۆکراین.