کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپەڕینی بێ‌وێنەی خەڵکی ئاودانان دژی کۆماری ئیسلامی

10:21 - 13 رێبەندان 2722

خەڵکی قارەمانی ئاودانان دژی کۆماری ئیسلامی ڕژانەوە سەر شەقامەکان و بە دروشمی دژ بە خامنەیی و ئاگرکردنەوە لەسەر شەقامەکان، درێژەیان بە ڕاپەڕینی سەرانسەری دا.

شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان، خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، بە شێوەیەکی بەربڵاو دژی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕژانەوە سەر شەقامەکان و ئاگریان لە پەیکەری بەسیج لەو شارە بەر دا.

لاوانی شۆڕشگێڕی ئاودانان زۆرینەی شەقام و گەڕەکەکانی شارەکەیان کۆنترۆڵ کردبوو و بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر و مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی، ئاگری سەر شەقامەکانیان بڵێسەدارتر کردەوە.

لەمبارەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا لە هەواڵێکدا باسی لەوە کردووە کە دوابەدوای ڕژانە سەر شەقامی خەڵکی ئاودانان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شارەدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکی "پەژار مەلەکی"، چالاکی سیاسیی کورد لە دەرەوەی وڵات و تەقەیان لە ماڵەکەیان کردووە.