بەرپرسانی تورکیە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند، ژمارەی قوربانییانی بومەلەرزەکەی حەوتووی ڕابردوو لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان و بەشێک لە تورکیە و سووریە، لە ٤١ هەزار کەس تێپەڕی.
دوای تێپەڕینی ٩ ڕۆژ لە بومەلەرزەی ٧.٨ ڕیشتەری لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان و چەند شاری تورکیە و سووریە، سەرەڕای بێهێوابوون لە ڕزگارکردن و دۆزینەوەی زیندووکان لەژێر داروپوردوودا، بەڵام هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی خەڵک هەروا بەردەوامە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ئاناتۆلی''، تیمەکانی فریاکەوتن لە شاری ئەنتاکیە لە تورکیە ژن و مێردێکیان دوای ٢٠٩ کاتژمێر لەژێر داروپەردوودا ڕزگار کرد. هەروەها پیاوێکی ٦٥ ساڵەی خەڵکی سووریە دوای ٩ ڕۆژ کە لە شاری هاتای تورکیە لەژێر داروپەردوودا بوو، ڕزگار کرا.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە ڕۆژی سێشمەممە ٢٥ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٣٥ هەزار کەس بوونەتە قوربانی و ٨١ هەزار کەسیش بریندار بوونە
هەروەها بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکانی سووریە، ژمارەی کوژراوان لەو وڵاتە گەیشتووەتە لە ٦ هەزار کەس زیاترە و ١٤ هەزار و ٧٥٠ کەسیش بریندار بوون.
لە ئێستادا چەند میلیۆن کەس لەو دوو وڵاتە بێ سەرپەنان و سەرەڕای یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی بیانی، خەڵکی لێقەوماو لەگەڵ سەرما و کەمیی خۆراک و دەرمان بەرەوڕوون و ڕۆژانێکی پڕسەخڵەتی تێدەپەڕێنن.
لەمبارەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو کە بومەلەرزەکە کاریگەریی لەسەر ٢٤.٤ میلیۆن کەس لە ڕووبەرێکی ٤٥٠ کیلۆمەتری لە باکووری کوردستان و تورکیە و ڕووبەرێکی ٢٥٠ کیلۆمەتری لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریە هەبووە، کە ١.٤ میلیۆنی ئەو ژمارەیە منداڵ و مێرمنداڵن. هەروەها ڕایشیگەیاندبوو کە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەوە دەگاتە سەرووی ٥٠ هەزار کەس.