کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان بۆڵتۆن: جیهان دەبێ خەڵکی ئێران بکاتە جێگرەوەی ڕێککەوتنی ناوکی

10:42 - 26 رێبەندان 2722

ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەڵێت: هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەرپرسانی ئەمریکایی و دژبەرانی دەسەڵاتەکەی لە دەرەوەی وڵات، سەلمێنەری تێرۆریستبوونی ڕێژیمی ئێرانە.

جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی "عەرەب نیوز" وتی: کۆمەڵگەی جیهانی لە ئێستادا دەبێ بە کۆدەنگی، خەڵکی ئێران بکەنە جێگرەوەی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران.

ناوبراو هەروەها وتیشی، ڕێککەوتنی ناوکی لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینیدا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵە بووە و وڵاتانی ئورووپایی ئیزنی نزیکبوونەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکییان بەو ڕێژیمە داوە.

بۆڵتۆن هەروەها وتیشی، ڕێژیمێکی تێرۆریست وەکوو ئێران کە بەردەوام هەوڵی تێرۆرکردنی دژبەرانی دەسەڵاتەکەی لە دەرەوەی وڵات دەدات، جێگەی متمانە و باوەڕ نییە.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی چەند کەسێکی تێرۆریستەوە ساڵی ڕابردووی زایینی هەوڵی تێرۆرکردنی جان بۆلتۆن و چەندین کەسایەتیی سیاسیی پێشووی ئەمریکای لە شاری نیۆیۆرک دابوو و ئێستاش لە کردەوە تێرۆریستییەکانی بەردەوامە.

بۆلتۆن لە کۆتایی وتووێژەکەیدا وتیشی: ڕوون و ئاشکرایە کە دەوڵەتی بایدن دەیهەوێت لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕێککەوتن بکات، بەڵام ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵەیەکی گەورەیە و نابێ دووبارە ببێتەوە.