کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕێبەری نوێی ئەلقاعیدە لە ئێرانە

11:21 - 26 رێبەندان 2722

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاندووە کە ڕێبەری نوێی گرووپی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە لە وڵاتی ئێران داڵدە دراوە.

سەرەڕای ئەوەی کە شەش مانگ لە کوژرانی "ئەیمەن ئەلزەهاوی"، ڕێبەری پێشووی گرووپی تێرۆیستیی ئەلقاعیدە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و لە وڵاتی ئەفغانستان تێپەڕیوە، بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێبەری نوێی ئەو گرووپە تێرۆریستییە بە ناوی "سەیف ئەلعەدل" لە ئێران و لەلایەن ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئێرانەوە داڵدە دراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی زانیاریی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەگەین بەو ئاکامەی کە پاش کوژرانی "ئەیمەن ئەلزەهاوی"، ڕێبەری پێشووی گرووپی تێرۆریستیی ئەلقاعیدە، ڕێبەری هەنووکەی ئەو گرووپە "سەیف ئەلعەدلـ"ـە و ئەویش لە ئێران داڵدە دراوە.

"ئەیمەن ئەلزەهاوی"، ڕێبەری پێشووتری گرووپی تێرۆریستیی ئەلقاعیدە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە ئوپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگری و هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا کوژرا.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا جیا لەوەی کە بەردەوام پاڵپشتیی گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە، ئەمەش بە بەشێک لە سیاسەتی ئایدئۆلۆژیکی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دەزانێت و وڵاتیشی کردووەتە شوێنی داڵدەدان و پەناگەی تێرۆریستانی جیهان.

پێشتریش ڕاگەیاندنە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چەندین جار ڕاپۆرت و زانیاریی هاوشێوەیان لەسەر ڕاهێنانی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بە گرووپە تێرۆریستییەکان بڵاو کردبووەوە.