کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنجەمین بەستەی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا دژی ئێران بەڕێوەیە

11:33 - 26 رێبەندان 2722

وەزیری دەرەوەی فەرانسە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، باسی لەوە کرد کە پێنجەمین بەستەی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا لە پێوەندی لەگەڵ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لە ئێران، دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەیە.

کاترین کولونا، وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە وڵامی پرسیاری نوێنەری پارلمانی فەرانسە لە بابەت ئێران وتی، ئەو گەمارۆیانە ئەگەری هەیە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە بروکسێل پەسەند بکرێت.

ڕاگەیاندنی هەواڵی ئامادەکردنی گەمارۆی نوێی یەکیەتیی ئورووپا دژی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە خۆپیشاندانی نەتەوەکانی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە وڵاتانی دەرەوە درێژەی هەبووە.

وەزیری دەرەوەی فەرانسە بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران شکستەکانی خۆی دەخاتە ئەستۆی وڵاتانی بیانی، وتی: ''بە ڕوونی وڵامی ئێمە بۆ سەکوتی خۆپیشاندانەکان لە ئێران بە دوو شێوەیەیە''.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە دەرکردنی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە نەتەوە یەکگرتوەکان و پێکهینانی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان وتی کە لە شێوەی یەکەمدا ڕێژیمی ئێران دەکرێتە ئامانج و لە شێوەی دووەمدا کەسانی بەرپرسیار لە سەرکوتی خەڵکی ئێران دەکرێنە ئامانج.

لە چوار بەستەی پێشووی گەمارۆکانی ئورووپا دژی ڕێژیمی ئێران، ٧٨ کەس و ٢٣ دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی، یەک لەوان چەند بەرپرسی باڵای سپای پاسداران، تەحریم کران.