ئەهوەن ڕۆژهەڵاتی
"شۆڕشی ژینا" وەک شۆڕشێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاش کوژرانی "ژینا"ی تەمەن ٢٢ ساڵ لە شاری تارانی ناوەندی داگیرکاریی ئێرانی، بە دەستی پۆلیسی ئەخلاق لەپێناو پاراستنی ناوەندیترین بەهای سیاسی/ئایدیۆلۆژیکی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئەو کۆمارە ئێرانییە، دەستی پێکرد و تا سەرکەوتنی گەلانی ئێران بەسەر دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیدا درێژەی هەیە.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە ئێراندا تا ئێستا دروشمگەلێکی جۆراوجۆر پەرەیان سەندووە، زۆربەی ئەم دروشمانە گەر سرنجیان بدەین تا ڕادەیەک دەتوانن داخوازییەکان و ئاستی سیاسیی خەڵکی ئێران و کوردستانمان بۆ دەربخەن.
لەم نێوانەدا دروشمی ژن، ژیان، ئازادی سەرەکیترین دروشم و باشترین دروشمی شۆڕشی ژینا بوو.
لە ڕۆژی بەخاکسپاردنی خاتوو ژینا ئەمینیدا، هەزاران کەس لە خەڵکی شاری سەقز و دەوروبەری بۆ پێشوازی لە تەرمی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی ئامادە بوون، تا بە سەردەمدارانی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن کە بە کوشتنی کچێکی بێتاوانی کورد بە بیانووی حیجابەوە گەورەترین هەڵەی مێژوویی خۆیان کردووە، چونکە ژنان و کچان لای نەتەوەی کورد ڕێز و بایەخیان هەیە و نەتەوەی کورد، نەتەوەیەک نییە کە لەهەمبەر کوشتن و ئەشکەنجەکرانی ژنان و کچانی خۆیدا بێدەنگ و بێهەڵوێست بێت.
دروشمەکان لە گۆڕستانی ئایچی سرنجی هەموو بینەران و بیسەران، میدیاکان و ڕۆژنامەوانانی وڵاتانی جیهانیان بۆ خۆیان ڕاکێشا؛ نەتەوەیەک کە دەسەڵاتی داسەپاو ساڵەهای ساڵە بۆ لەناوبردنی لە هەموو ڕێگا و شێوازێک کەڵکی وەرگرتووە تاکوو لەنێو خۆیدا بیتوێنێتەوە زمان و کلتوور و داوا ڕەواکانی لێ بستێنێ، بە یەک چەخماخە، ئاگری ژێر خۆڵەمێشی ٤٣ ساڵی هەڵگیرساندەوە بەجۆرێک کە هەموو دەسەڵاتەکەی خستە مەترسییەوە.
ژنانی ئازادیخواز و مافویستی ڕۆژهەڵات بە وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ڕۆڵی سەرەکی ئەم شۆڕشەیان لەئەستۆ گرت، ڕۆڵێکی قارەمانانە کە بوو بە هۆی ئەوەی سرنجی هەموو ژنانی وڵاتانی جیهان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، هەروا کە هەموومان بینیمان لە ژنانی نەتەوەکانی تری ئێرانەوە بگرە تا پارلەمانتارە ئورووپایی و ئامریکاییەکان هەتا زۆربەی ژنانی وەرزشوان و ئەکتەرە بە ناوبانگەکان بۆ هاوسۆزی لەگەڵ ژنانی ڕۆژهەڵات پرچەکانی خۆیان بڕی تاکوو سرنجی دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی وڵاتە ئورووپاییەکان و ئامریکا بۆ شۆڕشی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵات ڕابکێشن.
شۆڕشی ژینا زنجیرەیەک لە خۆپیشاندانەکانی هێنایە ئاراوە کە تەنیا تایبەت بە ڕۆژهەڵات نەبوو و هەموو شار و شارۆچکەکانی ئێرانی گرتەبەر.
ئاڵاهەڵگریی ژنانی کورد لەم شۆڕشەدا بووە هۆی ئەوەی تاکوو بۆ یەکەمجاریش بێ لە مێژووی ئێراندا ژنان بۆ داوا ڕەواکانیان دەنگ هەڵبڕن و پیاوان بە دڵ و گیانەوە پشتیوانییان لێ بکەن.
پاش ماوەیەک لە پەرەسەندنی شۆڕشەکە، لە زۆربەی شارەکانی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی هەموو چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگە هاتنە نێو جەرگەی خەبات دژ بە کۆماری کۆنەپەرستی ئیسلامیی ئێرانەوە. لە تاران کە ناوەندی ئێرانە و یەکێ لە شارە گەورەکانی ئەم وڵاتە بەئەژمار دێت و حەشیمەتێکی ئێجگار زۆری هەیە و وەک کەلان شار دەناسرێت لەجیاتی پشتگیری لە کوردستان کە بە تەنیا نزیک بە یەک مانگ دژی داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامی ڕاوەستابوو و دۆخی شارەکانیشی بەتەواوی مێلیتاریزە کرابوو و خەڵکەکیان دەکردە ئامانجی گولـلە و چەندین لاوی شۆڕشگێڕ و ئازا گیانی ئازیزیان لەم ڕێگایە پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد، تاران کە بۆ دیاریکردنی داهاتووی ئەم شۆڕشە و ڕووخانی دەسەڵاتی مەلاکان، چاوی زۆرینەی وڵاتانی لەسەر بوو، خەڵکەکەی بە لابردنی سەرپۆش و باوەشی خوڕایی و دابەشکردنی شوکولات درێژەیان بەم ڕاپەڕینە دەدا؛ ئەڵبەت جێی ئاماژەیە کە بگوترێ چینی باڵادەست یا نەتەوەی فارس تەنیا کێشەیان لەگەڵ حیجاب و نەمانی گەشتی ئێرشاد بوو، کە بە مەرگی کچە کوردێکی بێتاوان لە تاران بە ئامانجەکەیان گەیشتن، ئیتر بۆیان گرینگ نییە کە لە کوردستان و بەلووچستان خەڵک بە گولـلەی کڵاش و دۆشکا تەقەیان لێدەکرێ و لە زاهێدان گۆمی خوێن درووست دەبێت، فاشیسمی فارس تەنیا ئەوە بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێ کە لەسەر بانەوە و لە دەلاقەی ماڵەکانەوە لە تاریکایی شەودا دروشمی "توپ تانک فشفشە، سەبزی پلو با ماهی، بسیجی جیرەخور" سەر بدەن.
لە دروشمەکانی تاران و ئێسفەهان و مەشهەد و شیراز و چەندین شاری تری فارسزمان زۆر بە باشی دەردەکەوێ کە ئاستی سیاسیی خەڵکی ئەم شارانە چەند لە خوارەوەیە و هیچ پۆزیشنێکی سیاسی بۆ داهاتووی ئێران لە لای ئەوانەوە پەرەی نەسەندووە .
گەر سرنجی دروشمەکانی ساڵی ٨٨ بدەین سرنجڕاکێشترین دروشمی نەتەوەی فارس "دەنگی من کوانێ؟" بوو، ئەمە دەیسەلمێنێ کە تا دوانزە ساڵ پێش، هێشتا خەڵکی فارس ئیمانیان بە ڕێژیمی ئێران هەبووە و شوێنکەوتووی حیزبە دەسکردەکانی ئەوان بوون و بڕوایان بە گۆڕانکاریی ڕێفۆرمخوازەکان هەبوو.
هەروا کە بینیمان زۆربەی ئەو کەسانەی کە ئێستا ئاڵای دژ بە کۆماری ئیسلامی بوونیان لەنێو نەتەوەی فارس بە دەستەوە گرتووە، تا دوانزە ساڵ پێش خۆیان لە بەرەی ڕێفۆرمخوازەکاندا بوون و هیچ بیرێکیان لە نەبوونی کۆماری ئیسلامی نەدەکردەوە، هەر ئەم کەسانە ساڵی ٩٦ دروشمی "تا ١٤٠٠ با روحانی"یان دەوتەوە کەچی ئێستا بوونەتە ئۆپۆزسیون و بەرە ساز دەکەن بۆ ڕزگارکردنی ئێرانییەکان!
هەر ئەم چەن دێڕە دەیسەلمێنێ کە نەتەوەی فارس خواستەکانی لەگەڵ خواستەکانی نەتەوەکانی تری ئێران، وەک کورد و بەلووچ و تورک، تورکمان، عەرەب، گیلەک، مازەنی زۆر جیاوازترە. نەتەوەی فارس تەنیا بەرژەوەندیی خۆیان دەوێ لەپاڵ ئەوەشدا ئامادەن ماف و داوا ڕەواکانی نەتەوەکانی دیکە پشتگوێ بخەن و پێشێلی بکەن. هەر بۆیە ئەیانەوێ دەسەڵات لەم دیکتاتۆرەوە بگۆڕن بۆ دیکتاتۆرێکی تر، ئیتر گرینگ نییە شا بێت یان مەلا! تەنیا نەتەوەی باڵادەست ئەوان بن و بەرژەوەندی بۆ ئەوان بێت، ئەوە کەفایەت دەکات بۆ بێدەنگبوونی نەتەوەی فارس.
هەر بەم هۆیەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کاتێ هەموو گەلانی ئێران پێکەوە هاواریان دەکرد ژن، ژیان، ئازادی، بەرژەوەندیخوازە فارسەکان هەستیان بە مەترسی کرد کە نابێ لەپێناو یەکڕیزی و هاوپشتیی خەڵک بۆ ڕۆژهەڵاتدا بێدەنگ بن، بۆیە هاتن و بۆ بەربەست سازکردن لەهەمبەر دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دروشمی "مرد، میهن، آبادی"یان ساز کرد.
پیاویان لە بەرامبەر ژن دانا کە گوایە ژن لەو ئاستەدا نییە کە بتوانێ بڕیار بدات و حەتمەن دەبێ پیاوێک لە پەنایدا بێت، لە بەرامبەر ژیان هاتن، میهەنیان دانا و ئازادیان دیسان بەند کرد بە ئابادیەوە و ئاوەدانیی ئێرانیان کردە خاڵی بەرانبەری و بەتەواوی دروشمەکەیان گۆڕی.
ئامانجیان لە وتنەوەی دروشمی "مرد، میهن، آبادی" کە تێدا فاکتەری "مرد"، باس لە پیاوسالاری و زوڵمی پیاوان دەکات بەرانبەر بە ژنان، فاکتەری "میهن" کە شۆڤێنیزمی فارس نیشان دەدات و فاکتەری "آبادی" کە بە دڵی میهەنپەرەستان و سەرمایەدارە ئێرتێجاعییەکان بوو زەق کرانەوە کە بەداخەوە لە چەندین زانکۆدا ئەم دروشمە دووپات کرایەوە، بەداخەوە چینی خوێندەوار کە هەموو کات خوازیاری ئازادی و دەستەبەرکردنی ماف بوون، فریوی چینی ئێرتێجاعیوونی میهەنپەرەست و سەرمایەداریان خواردبوو. ئەم دروشمە بەتەواوی پیاوسالارانەیە و هەستێکی زۆری ناسیۆنالیستی دەگرێتە بەر کە دژی مافخوازیی نەتەوەکانی ئێران و ئازادیخوازی و مافویستیی هەموو گەلانی ئێرانە.
کۆمەڵگەی ئێران کە بەشێکی زۆری مێژووی خۆی لەژێر دەسەڵاتی دەڕندەی پیاوسالاری، سەڵەتەنەت تەڵەبی و کۆماری ئیسلامیدا تێپەڕ کردووە، ئازادیخوازی و مافویستی و ئاڵاهەڵگریی ئەم شۆڕشەی لەلایەن ژنانەوە پێ قبووڵ ناکرێ، ناسیۆنالیستە وەتەن پەرەستەکان کە دژی ژنان و چینی کرێکار و دژی خەڵک و ئازادیخوازانن، تەواوی بیر و عەقڵی خۆیان بە کارهێناوە بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر مافویستی و مافخوازیی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بۆیە لە دروشمی بۆگەنیوی مرد، میهن، آبادی کەڵک وەردەگرن.
پێیان قەبووڵ نەدەکرا دروشمی کوردیی ژن، ژیان، ئازادی کە چەندین ساڵە لە هەر چوار پارچەی کوردستان خەباتی بۆ کراوە پەرە بستێنێ و ببێتە دروشمی سەرەکیی ئەم شۆڕشە بەڵام لە تاران هەر دروشمی توپ تانک فشفشە و سبزی پلو با ماهی سەر بدەن.
لەم پیناوەدا دەستیان دایە سازکردنی بەرە و دروشمی تایبەت بە خۆیان، هەر بۆیە کەڵکێکی زۆریان لە میدیاکانیان لە لەندەن و سلێبریتییەکانیان لەنێو ئێران وەرگرت کە لە ماوەی ٤٣ تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بە ئازادانە چالاکییان دەکرد؛ ئەوان بە پەراوێزخستنی دروشمی نەتەوەکانی بەلووچ و کورد و بۆڵدکردنەوەی دروشمی "مرد، میهن، آبادی، ولیعهد کجایی، بە داد ما بیایی و
رضاشاه روحت شاد" و سانسۆرکردنی ئاڵای کورد و بەلووچ و عەرەب لە برلین و ستراسبۆرگ هەوڵیان دا شۆڕشەکە لە ئاخێزگەکەی واتە لە کوردستان بدزن.
نەتەوەی فارس لەم شۆڕشەشدا وەک شۆڕشی گەلانی ساڵی ٥٧ کە خومەینی زۆر بە زیرەکی لە هەموو ئۆپۆزسیونی ئەوکاتەی دزی و بەناوی خۆیەوە تۆماری کرد و دەستی هەموو لایەنەکانی تری لێ بڕی، دیسان ئەیانەوێ شۆڕشەکە بۆ خۆیان بدزێن و بەناوی خۆیانەوە تۆماری بکەن. لە کوردستان و بەلووچستان لە کۆشتنی خەڵک گۆمی خوێن دروست بکرێ و هەینیی خوێنێنی زاهێدان و کوشتاری بێبەزەییانە لە مەهاباد و بۆکان و جوانڕۆ و سنە ڕوو بدات تا تارانییەکان بە خەیاڵی ئاسوودە لە پشتی دەلاقە و لەسەر بانەوە خەبات بکەن و خۆیان بە خاوەنی شۆڕشەکە بزانن وکالەت بە کۆڕی کۆنە دیکتاتۆرێک بدەن کە بێتەوە و دیسان دیکتاتۆرێکی تر ساز بکەن، تا ئەوان بێخەم بن کە تەمامییەتی ئەرزیی جوغرافیای ئێران نەکەوێتە مەترسییەوە و دیسان وەک هەموو ساڵانی پێشوو نەتەوەی بەرژەوەندیخوازی فارس لە باڵادەستیدا بن و نەتەوەکانی تر وەک ڕەعیەتی ئەوان لە کەمترین مافەکانی خۆیان بێبەش بن.
ئەم کردەوەش لە گۆڕینی دروشمەکانەوە تا بگاتە هێنانە مەیدانی کوڕی حەمەڕەزاشا بۆ سەرۆکایەتیی داهاتووی ئێران خۆی نیشان دەدات.
نەتەوەی فارس کاتێ دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک لەم شۆڕشە بۆی دەرکەوت کە هەموو گەلانی ئێران یەکدەنگ هاوار دەکەن "ژن، ژیان، ئازادی" یا "کوردستان چشم و چراغ ایران" ترسێکی زۆر کەوتە دڵیانەوە کە نزیک بە چەندین ساڵە کە کوردستان لە هەموو ئێران دوور خراوەتەوە و تەنیا وەک مەرزنشینی غەیوور ناوی لێ دەبەن، خەڵکیان لە کورد و کوردستان ترساندووە کە گوایە نەتەوەی کورد سەر دەبڕن و لە کاتی شەڕی نێوان حیزبەکانی کوردستان و کۆماری ئێسلامیدا هەر کیلۆ گۆشتی خەلەبانێک پێنسەد میلیون فرۆشراوە.!
ئێستا کاتێ دەیانبیست هەموو خەڵکی ئێران وێکڕا هاوار دەکەن کوردستان چشم و چراغ ایران، یا بە کوردی دەیانگوت ژن، ژیان، ئازادی، سەڵتەنەت تەڵەبەکان ئەو ترسەیانە زۆر بە باشی هەست پێکرد کە لەمە بەدوا ناتوانن گەلانی تری ئێران سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان بێدەنگ بکەن. بۆیە هاتن و لە سەری ساڵی زایینیدا چەندین کەس وەک عەلی کەریمی (یاریزانی فووتباڵ)، مەسیح عەلینژاد(کۆنە ئێسڵاح تەڵەب کە زۆربەی زۆری دەغدەغەی مێکشی لابردنی ڕووسەرییە)، حامد ئیسماعیلیوون (لە بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی)، گوڵشیفتە فەراهانی (ئەکتەری فیلمە ئێرانییەکان)، کۆڕی حەمەڕەزاشای پەهلەوی (کوڕی کۆنە دیکتاتۆری پێشووی ئێران) ئێعتلافیان ساز کرد و
وکالەتیان بۆ دەورەی تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی بە کوڕی حەمەڕەزای پاڵانی دا کە دوای چڵ ساڵ ژیان لە وڵاتە پێشکەوتووەکان هێشتا بیروڕای وەک باوباپیری کۆنە و خەڵک بە ڕەعیەتی خۆی ناو دەبات.
ئەم کارەساتە لەکاتێکدا ڕووی دا کە ئێمە لە سەدەی ٢١دا ژیان بەسەر دەبەین، جێی ئاماژەیە کە لە ١٥٠ وڵاتی جیهان زۆربەی ئەم وڵاتانە یا بە شێوەی کۆنفێدراڵی یا فێدراڵی ئیدارە دەکرێن و کەمتر وڵاتێ هەیە کە دوای گۆڕانی دیکتاتۆرێک دیسان دیکتاتۆرێکی کۆن بێنێتەوە سەرکار.
ئەم ئێعتلاف و وکالەتدانە لە کاتێکدا ڕوو دەدا کە لە هەموو خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ژینادا خەڵک وێكڕا و یەکهەڵوێست هاواریان دەکرد نە سەڵتەنەت نە ڕێبەری، دیمۆکراسی و بەرابەری!
ئەم درۆشمەش مانای ئەوەیە کە دەوڵەتێکی دێموکراتیکمان دەوێ، حکوومەتێک کە فەردگەرا نەبێ، کەچی ئێستا خەڵکی دواکەوتووی فارس بۆ ئەوەی کە مافی نەتەوەکانی تری ئێران نەدەن و بە بیانووی تەمامییەتی ئەرزی و تەجزیەتەڵەبیی نەتەوەی کورد و بەلووچەوە، کاردانەوەیان لەم بوارەدا ئەوەیە کە لەگەڵ کوڕی ڕەزاشا بەیعەت بکەن وەک چۆن ١٤٠٠ ساڵ پێش خەڵک هیچ ئاگاهی و زانستێکی سیاسیان نەبوو و ناچار بوون بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان لەگەڵ گەورەی قەبیلەکان بەیعەت بکەن.
ئەمە تەنیا یەک هۆکاری هەیە، ئەویش نەبوونی ئاگاهی سیاسیی خەڵکی فارسزمانە، ئەو هۆکارانەش کە بوونەتە هۆی ئەم کاردانەوانە نەبوونی حیزب و بزووتنەوەیەکی سیاسیی باشە کە خەڵکەکەی لە بواری سیاسیدا بە باشی پەروەردە بکات و ئاگاهیی سیاسی و کۆمەڵایەتییان بەرەو پێش ببات.