کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەدان کەسایەتیی جیهانی داوای پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئێرانیان کرد

11:34 - 13 رێبەندان 2722

سەدان کەسایەتیی جیهانی، لە هونەرمەندانەوە تا براوەکانی خەڵاتی نۆبێل، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەلانی ڕاپەڕیوی ئێرانیان کرد کە سەرەڕای سەرکوتکردنی خوێناوی لەلایەن ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، هەروا دێنە سەر شەقام و خۆپیشاندان دژی ئەم دەسەڵاتە ئەنجام دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕادیۆی نێودەوڵەتیی فەرانسە، لەم بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕێبەندان لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "ماڵی ئازادی" بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: "سەرکەوتنی خۆپیشاندەران بە واتای ڕزگاربوون لە ڕێژیمێکە کە هەڵبژاردنی ئازاد، ئازادیی ڕادەربڕین، پرۆسەی یاسایی و سەربەخۆیی کەسی لە بابەتێکی سادەی وەک پۆشینی جلوبەرگ، ڕەت دەکاتەوە".

٤٨٠ کەسایەتی ناوداری جیهانی لەوانە ''ئێسوێتلانا ئەلکسویچ، نووسەر و براوەی خەڵاتی نوبێل، هیلاری کلینتۆن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و ڕێچارد گیر، ئەکتەری هالیوود لەو کەسانەن کە ئەو بەیاننامەیەیان واژۆ کردووە.

واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە داوایان لە دوڵەتانی جیهان کردووە کە هەموو بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە لە سەرکوتی خۆپیشاندەران دەستیان هەیە، یەک لەوان عەلی خامنەیی تەحریم بکەن و سپای پاسداران بخەنە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.