کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆ دەخاتەسەر ڕێکخراوەکانی پێوەندیدار بە سپای پاسداران

11:23 - 27 رێبەندان 2722

ماڵپەڕی ''ئاکسیووس''‌، لە زاری دوو بەرپرسی باڵای یەکیەتیی ئورووپاوە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: چاوەڕوان دەکرێ ئەو یەکیەتییە حەوت ڕێکخراوی پێوەندیدار بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بخاتە لیستی گەمارۆکانەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی١٤٠١ی هەتاوی، ماڵپەڕی ئاکسیووس، لە ڕاپۆرتێکدا سەرەڕای ئاماژە بە ناردنی دڕۆنی خۆتەقێن لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ ڕووسیە و بەکارهێنانی ئەو وڵاتە دژی ئۆکراین، لە زاری بەرپرسێکی باڵای یەکیەتیی ئورووپاوە نووسیویەتی: نێگەرانییەکانی یەکیەتیی ئورووپا لەهەمبەر پشتیوانیی چەکوچۆڵی ڕێژیم ئێران لە ڕووسیە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێ و یەکیەتیی ئورووپا ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە.

هەرلەم پێوەندییەدا پێشتر "ئۆرسێلا فۆندێرلاین" بەرپرسی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاندبوو کە بەستەیەکی گەمارۆی نوێ دژی ڕێژیمی ئێران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە بەڕێوەیە.

ناوبراو لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی یەکیەتیی ئورووپا لە ستراسبۆرگی فەرانسە ڕایگەیاند کە ڕووسیە سەدان دڕۆنی ڕێژیمی ئێرانی لە شەڕ دژی ئۆکراین بەکار هێناوە و بۆیە بۆ یەکەمین جار لە یەکیەتیی ئورووپا پێشنیاری گەمارۆمان بۆ سەر ڕێکخراوە سەربازییەکانی ئێران بە تایبەتی سپای پاسداران و ڕێکخراوە پێوەندیدارەکان بە سپاوە هێناوەتە ئاراوە.