کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی، داوا لە خەڵکی ئێران و هێزە سیاسییەکانی نێوخۆ دەکا کە ڕەخنە لە نیزام نەگرن

11:36 - 27 رێبەندان 2722

عەلی خامنەیی لە کۆتا هەوڵەکانیدا لەهەمبەر سەرپۆشدانان لەسەر ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم دەڵێ: ڕەخنەگرتن لە ناکارامەیی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک، تەنیا پرتەوبۆڵەیە و نابێ خەڵک و هێزە سیاسییەکانی نێوخۆ ڕەخنە لە دەسەڵات بگرن.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، عەلی خامنەیی، ڕێبەریی ڕێژیمی ئێران لە وتوویژێکدا بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتیی چالاکانی سیاسیی و خەڵکی نێوخۆی وڵات لە دەسەڵات وتی: ''چالاکی سیاسیی دەتوانێت بە ڕەخنەکانی ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات بدۆزێتەوە، بەڵام چالاکی سیاسیی ناتوانێت خاڵە لاوازەکانی دەسەڵات ببینێتەوە و گەورەی بکاتەوە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بیخاتە بەر بیروڕای گشتی.

شایانی باسە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەتی خامنەیی لە کاتی دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەیان بەردەوام هەوڵیان داوە کە ئەو شۆڕشە بەلاڕیدا ببەن و وتوویانە کە ئەو ڕاپەڕینە دژی دەسەڵاتە لەلایەن دوژمنانی کۆماری ئیسلامییەوە لە دەروەی وڵات ڕێبەری دەکرێ و دەنا لە نێوخۆی وڵات هیچ جۆرە کێشەیەکمان نییە.''

 

خامنەیی سەرەڕای دانپێدانان بە قەیران، گرانی، هەڵاوسانی ئابووری و دابەزینی نرخی پارەی ئێران لەچاو دراوە بیانییەکانی دیکە وەکوو دۆلار وتوویەتی: ''ڕەخنەگرتن لەم پێوەندییەدا لە حکوومەت تەنیا سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوژمنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەنا ئەو کێشانە زۆر بە خێرایی چارەسەر دەکرێت.''

قسەکانی خامنەیی لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران وێڕای ئەوەیکە توانایی چارەسەریی قەیران و کێشەکانیان نەماوە، هیچ ڕەواییەکیشیان لەنێو خەڵکدا نەماوە و نزیک ٥ مانگە ڕووبەڕووی شۆڕشی گەلانی ئێران بووەتەوە و ڕێژیم تەنیا بە سەرکوت وڵامی خەڵکی داوەتەوە.