کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق و ئەمریکا بۆ بەرەنگاری لەگەڵ سپی‌کردنەوەی پارەی ئێران ڕێک کەوتن

18:56 - 27 رێبەندان 2722

فواد حوسێن، وەزیری کاروباری دەرەوی عێراق لە میانەی سەردانی خۆی بۆ ئەمریکا ڕۆژی پێنخشەممە ٢٧ی ڕێبەندان، لە وتووێکدا لەگەڵ هەواڵنێران وتوویەتی کە لەگەڵ بەرپرسانی واشنگتۆن لەبارەی دابەزینی بەهای دینار بەهۆی چالاکییەکانی سپی‌کردنەوەی پارەی ئێرانەوە وتووێژیان کردووە و بۆ چارەسەری ئەم پرسە، عێراق و ئەمریکا ڕێک کەوتن.

فواد حوسێن باسی لەوە کردووە کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و بەڕێوەبردنی سیستمی نوێی چاوەدێریی بە سەر گەڕانی دۆلار، دەوڵەتی عێراق و خەزینەداریی ئەمریکا کۆنترۆلێکی زیاتریان لەسەر هاتن و چوونەدەرەوەی دۆلار لەو وڵاتە دەبێت و بەرەنگاری سپی‌کردنەوەی پارەی ئێران دەبنەوە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو دۆلارێکی زۆر لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێڕاقەوە بۆ ئێران قاچاخ دەکرا، بەو هۆیەوە بەهای دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.

دوابەدوای بەربەست و سنووردارییەکانی ئەمریکا بۆ بەرنگاریی لەگەڵ قاچاخی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران، سەرەڕای دەبەزینی بەهای دۆلار لە عێراق، نرخی دۆلار لە ئێران دیسان بەرز بووە و ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ڕێبەندان، گەیشتە ٤٧ هەزار تەمەن.