شەوی ڕابردوو لە چەندین شاری ئێران و کوردستان، خۆپیشاندەران بۆ جارێکی دیکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بە دروشمی ''مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی'' ڕاژنەوە سەر شەقامەکان.
شەوی پێنجشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش بانگەواز بۆ ڕاپەڕینی سەرتاسەری دژی ڕێژیمی ئێران لە چلەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا "محەممەد حوسێنی و محەممەدمەهدی کەرەمی" کە بە دەستی جینایەتکاری ڕێژیم لەسێدارە دران، خەڵکی زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و بڕووخێ کۆماری ئیسلامی ڕژانەوە سەر شەقامەکان.
لە شارەکانی سنە، مەهاباد، جوانڕۆ، قوروە، سەقز، کرماشان، ئیلام و چەند شاری کوردستان خەڵکی ڕاپەڕیوی بە ئاگرکردنەوە لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی شار و دروشمی ''قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە، ژن ژیان ئازادی، هەروەها مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و کوردستان گۆڕستانی فاشیستان ڕژانەوە سەر شەقامەکان و ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە.
لاوانی ئازادیخوازی کوردستان بە داگیرکەرانیان سەلماندەوە هەتا گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی دەست لە شۆڕش هەڵناگرن و هەروەها داوای یەکیەتیی و یەکڕیزی زیاتری نەتەوە بندەستەکانی ئێرانیان بە مەبەستی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.
هاوکات لە شارەکانی تاران، کەرەج، رەشت، بەندەر عەباس، مەشهەد، ئیسفەهان، ئیزە، ئەراک، شیراز، یەزد، ئەهواز و چەندین شاری دیکە خەڵکی ئازادیخوازی بە دروشمدان و ئاگرکەوتنەوە بە شێوەیەکی بەربڵاو هاتنەوە سەر شەقام و بە دروشمدان دژی خامنەیی، کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران، لەسەر ڕووخانی ئەو ڕێژیمە پێداگریان کردەوە.
خۆپیشاندەران لە چەندین شاری ئێران وێڕای ئەوەیکە ڕووبەرووی توندوتیژی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە، بەڵام لە دروشمدان و خۆپیشاندان هەروا بەردەوام بوون و جەختیان لەسەر بەردەوامیی شۆڕشی ژینا هەتا سەرکەوتن کردەوە.