کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای هاوکاریی کەنداو و ئەمریکا، ڕێژیمی ئێرانیان بەهۆی پشتیوانیی لە تێرۆریزم مەحکووم کرد

10:40 - 28 رێبەندان 2722

ئەندامانی شۆرای هاوکاریی کەنداو و ئەمریکا، هەوڵە ناسەقامگیرەکانی ڕێژیمی ئێران لە پشتیوانیکردنی ئەو ڕێژیمە لە تێرۆریزم و پەرپێدانی مووشەک و دڕۆن، بە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان دەزانن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، کارگرووپی تایبەت و هاوبەشی ئەندامانی شۆرای کەنداو و ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند: "بەردەوامیی سیاسەتە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و هەروەها پشتیوانیکردنی ئەو ڕێژیمە لە گرووپە تێرۆریستییەکان بە توندی مەحکووم دەکەین و ئێران دەبێ کۆتایی بە کردەوە تێکدەرانەکانی بێنێت.''

ئەو کارگرووپە تایبەت و هاوبەشە بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، هەروەها لەسەر بڵاوکردنەوەی چەکوچۆڵی ئێرانی و ناردنی مووشەک و دڕۆن بۆ وڵاتانی دیکە ڕایگەیاند کە ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان و دەبێ کۆتایی بەو هەوڵانە بهێندرێت.