کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزب لە دەڤەری پشدەر

11:22 - 28 رێبەندان 2722

کاک حوسێن باساوێی، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شارۆچکەی ژاراوە سەر بە شاری قەڵادزێ لە باشووری کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک حوسێن باساوێی ناسراو بە "سەلیم ئاغا" پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆی نەخۆشییەوە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و لە شاڕۆچەی ژاراوە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپەردە کرا.

سەلیم ئاغا، لە دایکبووی ناوچەی سەردەشت بوو و هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و لەگەڵ کردنەوەی یەکەم بنکەکانی حیزبی دێموکرات چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی کردە شان و لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی سەردەشت بەشداریی چالاکانەی کرد و یەکێک لەو پێشمەرگانە بوو کە شارەزای ناوچەکان بوو و دەیتوانی لە هەموو کاتێکدا تیمەکان بۆ شوێنی مەبەست بەگەیەنێت و ڕێبەریان بکات، هەر بەهۆی ئازایەتییەوە وەک یەکێک لە سەرپەلە ئازاکانی لکێکی هێزی گیارەنگ دیاری کرا.

ناوبراو پێشمەرگەیەکی بە ئەزموون، خەڵکی و خاکی بوو و هەروەها دوای وازهێنانیشی لە پێشمەرگایەتی، لە سەنگەرێکی دیکەوە خزمەتی بە حیزب و گەلەکەی کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە، کەسوکار و هەموو خەڵکی ناوچەی سەردەشت دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.