کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٥ پیلانی تێرۆر و ڕفاندنی ڕێژیمی ئێران لە بریتانیا ئاشکرا بوو

12:05 - 28 رێبەندان 2722

پۆلیسی دژەتێرۆری بریتانیا ڕایگەیاند کە ١٥ پیلانی تێکدەرانە، تێرۆر و ڕفاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لەو وڵاتە ئاشکرا و پووچەڵ کردووەتەوە.

ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، مێت جۆکس، بەرپرسی پۆلیسی دژەتێرۆری بریتانیا، وێڕای ئاماژە بەوەیکە ئەو هێزە بەشێوەیەکی بەربڵاو ڕووبەڕووی هەڕەشەی وڵاتانی دژبەری وەکوو ڕووسیە، چین و ئیڕان دەبنەوە، وتی: ''کۆماری ئیسلامیی ئێران، لانیکەم ١٥جار هەوڵی ڕفاندن و تێرۆر و یان کردەوەی تێکدەرانەی لە بریتانیا داوە، بەڵام لەلایەن هێزی دژەتێرۆرەوە هەموو هەوڵە تێرۆریستییەکانی پووچەڵ کراوەنەتەوە.''

ناوبراو وتیشی: دەزانین کە بەرژەوەندی هێندێک لە ڕێکخراوەکانی دەوڵەتی و میلێشیاکانی سەر بە تاران لەوە دایە کە کردەوەی تێرۆریستی و تێکدەرانە بۆ کۆماری ئیسلامی ئیسلامی ئەنجام بدەن و کەسانی دژبەری ئەو ڕێژیمە کە لە وڵاتانی ئورووپایی پەنابەری سیاسیین، بیانڕفێنن و یان تێرۆریان بکەن.

بە وتەی بەرپرسی پۆلیسی دژەتێرۆری بریتانیا، نزیکەی ٨٠٠ دۆسیەی پێوەندیدار بە کردەوەی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لەژێر لێکۆڵینەوە دایە.