کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکانی ڕۆژانی هەینیی خەڵکی بەلووچستان گەیشتە بیستەمین حەوتوو

17:14 - 28 رێبەندان 2722

خۆپیشاندانی خەڵکی ئازادیخوازی بەلووچستان لە ڕۆژانی هەینیدا گەیشتە بیستەمین حەوتووی خۆی و ئەمڕۆ هەینی ٢٨ی ڕێبەندان، سەرەڕای کەشێکی ئەمنییەتی توند لە دەوڕووبەری مەزگەوتی مەککی، خەڵکی زاهیدان دوای نوێژی هەینی، دژی ڕێژیم ڕژانەوە سەر شەقامەکان.

ئازادیخوازانی بەلووچ سەرەڕای کەشێکی ئەمنییەتیی توند، دوای نوێژی هەینی، بە دروشمی ''دەکوژم دەکوژم، ئەو کەسەی برای منی کوشت'' ، ''نەمان بۆ خامنەیی'' و نەمان بۆ سپاهی و بەسیجی'' لە شەقامەکانی زاهیدان خۆپیشاندانیان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە برد.

هەروەها ژنانی بەلووچ لە زاهیدان بە دروشمی ''نەمان بۆ دیکاتۆر'' لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون.

لەلایەکی دیکەوە خۆپیشاندەرانی بەلووچ لە شاری خاش هاتنە سەر شەقام و بە دروشمی نەمان بۆ خامنەیی دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپات کردەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا شاری گالیكش سەر بە پارێزگای گوڵستان، هاوشێوەی حەوتووەکانی ڕابردوو، کۆمەڵێک لە خەڵکی ئەو شارە لە پشتیوانی لە مەولەوی گۆرگیج، لە بەردەم ماڵەکەی خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

لە حەوتووەکانی ڕابردووشدا خەڵکی گالیکش لە ناڕەزایەتی بە ڕێگریکردنی ڕێژیمی ئێران لە چوونی مەولەوی گۆرگیج بۆ سەر مینبەر و پێشنوێژیکردنی نوێژی هەینی و بەندکرانی لە ماڵی خۆیدا، دژی ڕێژیم دروشمیان دا.