کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی شارەکانی سنە و سەردەشت بۆ پشتیوانی لە مامۆستایانی ئایینیی بەندکراو خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد

18:20 - 28 رێبەندان 2722

خەڵکی شارەکانی سنە و سەردەشت دوای نوێژی هەینی، بۆ پشتیوانی لە مامۆستایانی ئایینیی بەندکراو، بە دروشمدان دژی ڕێژیم، داوای ئازادکرانی ئەو مامۆستایانەیان کرد.

ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، دوای نوێژی هەینی هاوشێوەی حەوتووەکانی ڕابردوو خەکی شاری سنە لە پشتیوانی لە مامۆستایان ئیبراهیم کریمی نەنەڵە و مامۆستا لوقمان ئەمنیی، لە بەردەم مزگەوتی نەنەڵە خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و بە دروشمی ''نەمان بۆ خامەنیی و نەمان بۆ دیکتاتۆر'' داوای ئازادکردنی ئەو دوو مامۆستایەیان کردەوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندان ئەو دوو مامۆستا خۆشناوە و پشتیوانی خەڵكی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران لە ڕێگای نێوان سنە - مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر کران.

هەروەها خەڵکی سەردەشت لە پشتیوانی لە مامۆستا فەتحوڵڵا ڕۆستەمی، پێشنوێژی گوندی ''مارەغان'' کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای ئازادیی بێ مەرجی ناوبرایان کرد.

خەڵکی سەردەشت بە دانی دروشمی وەک ''مامۆستا بە تەنیا نییە، سەردەشت پشتیوانییە'' ''جێگای مامۆستا لە زیندان نییە'' پشتیوانیی خۆیان لە مامۆستا فەتحوڵلا ڕۆستەمی دەربڕی.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، لە شاری ورمێ لە کاتی ناردنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بۆ خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی شاری خۆی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەرسەر کرا.