کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زلێنسکی: ڕێژیمی ئێران دوژمنی هاوبەشی ئیسرائیل و ئۆکراینە

10:26 - 29 رێبەندان 2722

سەرکۆماری ئۆکراین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل وتی: ڕێژیمی ئێران دوژمنی هاوبەشی هەر دوو وڵاتی ئیسرائیل و ئۆکراینە.

ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕۆژنامەی ئیسرائیلی ''ئۆرشەلیم پۆست'' ڕایگەیاند کە ڤلادیمێر زلێنسکی، سەرکۆماری ئۆکراین و ئێلی کۆهێن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە کیێف دیداریان کرد و باسیان لە دۆزینەوەی ڕێکارگەلێک بە مەبەستی هاوکاریکردنی یەکتر دژی کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا کرد و زلێنسکی وتی: کۆماری ئیسلامی دوژمنی هاوبەشی هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و ئۆکراینە، دەبێ بە هاوبەشی ڕووبەڕووی ببینەوە.

کۆهێنیش لەو چاوپێکەوتنەدا وتی: سیمای شەیتانیی کۆماری ئیسلامی بۆ ئۆکراینیش ئاشکرا بوو و پێوەندی تاران و کیێف دوای خرانەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینیی لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە و بەکارهێنانی دڕۆنی ئێرانی لە هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، کەمڕەنگ بووەتەوە و دڕۆنەکانی کۆماری ئیسلامی زیانێکی یەکجار زۆریان بە ناوەند و ژێرخانەکانی ئۆکراین گەیاندووە.