کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید، داوای ڕاپرسی گشتیی بۆ دیاریکردنی جۆری حکوومەت لە ئێران کرد

10:35 - 29 رێبەندان 2722

پێشنوێژی هەینی مزگەوتی مەککی زاهیدان وتوویەتی، باشترین ڕێگا بۆ دەربازبوون لە بنبەستی نێوان خەڵک و کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا ڕاپرسییەکی گشتییە.

ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، مەولانا عەبدولحەمید، کەسایەتی ئایینی و پێشنوێژی هەینی مزگەوتی مەککی زاهیدان، بە ڕەخنەگرتنی توند لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ''هیچ کەس ناتوانێت بڵێ من لەلایەن خوداوە دیاری کراوم بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.''

ناوبراو لە وتارەکەیدا دیاریکردنی مافی چارەنووسی خەڵکی بە مافی خەڵکی ئێران ناو برد و وتی: ''حکوومەت دەبێ لەلایەن خەڵکەوە دیاری بکرێت.''

مەولەوی عەبدولحەمید لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ''گواستنەوەی دارایی و سەروەت و سامانی خەڵک بۆ هەیئەتێکی ٧ کەسی و فرۆشتنی سەروەت و سامانی ئێران، خەیانەتە بە خەڵکی ئێران.''

جێگەی ئاماژەیە کە عەلی خامنەیی پێشتر لە قسەکانیدا پشتیوانیی لە بڕیاری شۆرای باڵای هاوئاهەنگی ئابووریی سێ دەزگای بەڕێوەبەریی ئێران بۆ فرۆشتنی بەشێک لە سەروەت و سامانی گشتیی بە هەیئەتێکی ٧ کەسی کردبوو.