کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی دوو حیزبی سێنای ئەمریکا دژی هەڕەشەی دڕۆنەکانی تاران

10:50 - 29 رێبەندان 2722

هەر دوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکراتی ئەمریکا، گەڵاڵەیەکیان بۆ بەرگری لە خەڵکی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرانبەر دڕۆنە خۆتەقێنەکانی ڕێژیم، خستەڕوو.

ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی پێوەندیی دەرەوەی مەجلیسی سێنای ئەمریکا ڕایگەیاند کە، جیم ڕیش، سێناتۆری کۆماریخوازی ئەیالەتی ئایداهۆ و باب مێنێندز، سێناتۆری حیزبی دێموکرات، گەڵایەکی هاوبەشیان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی دڕۆنە خۆتەقێنەکانی ڕێژیمی ئێران، پێشکەش بە مەجلیسی سێنا کرد و داوایان کرد کە دەبێ خەڵکی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ‌هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بپارێزرێن.

لە درێژەی گەڵاڵەکەدا هاتووە کە هەڕەشەی دڕۆنەکانی ڕێژیمی ئێران خەریکە ئاڵوگۆڕی ئەمنییەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات و بە تەواوی خەریکە ئەو ناوچەیە دەخاتە ژێر هەڕەشەکانی خۆی.

هەروەها لەو گەڵالەیەدا هاتووە کە دڕۆنە خۆتەقێنەکانی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشە و مەترسین بۆ سەر سەدان کۆمپانیای نێونەتەوەیی، هێزەکانی ئەمریکا و دیپلۆماتکارانی وڵاتان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە پێویستە لەو بارەوە بە جیددییەوە بڕواننە دۆخی ناوچەکە.