سمایل شەرەفی
پڕبایەخترین دەرفەتێک کە هەر لە سەرەتاوە بۆ شۆڕشی ژینا هاتە ئاراوە و نێوەڕۆکێکی ئەمڕۆیی، مودێرن و جیهانپەسەندی پێ بەخشی، خودی ژینا وەک کچە کوردێکی تەسلیمنەبوو بە ئیدئۆلۆژیی حیجابی کۆماری ئیسلامی و، نیشتمانەکەی واتە کوردستان بوو کە ٤٣ ساڵە بەرانبەر بە دەسەڵاتی ژیناکوژ و ماهییەتە ڕەش و کۆنەکەی، پەیامەکانی؛ ئازادیخوازی، دێموکراسیخوازی و مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینی ئینسانەکانی پێیە. هەر ئەوەی کە بەخێرایی و لەسەر ئەساسی مانیفێستی "ژن، ژیان، ئازادی" شۆڕشی ژینا تەواوی ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە و سەرنجی کوڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەیی و وڵاتانی بۆلای خۆی ڕاکێشا، دەرکەوت کە ئاخێزگەی سەرکیی ئەم شۆڕشە کە پاشخانێکی دەوڵەمەنی لە کولتووری سێکۆلاربوون و دێموکراسیخوازی و خەبات لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە ئینسانییەکاندا هەیە، بۆ ئەم شۆڕشە گەورەترین دەرفەتە کە بریتییە لە دوو چەمکی کۆنی کەوناری"کورد و کوردستان".
پێشەنگایەتیی کورد لەم شۆڕشەدا چ لە ڕووی مەیدانی و بەشداریی جەماوەریی خەڵک و چ لە ڕووی پەیام و نێوەڕۆکەوە لە ماوەی ئەم نزیک بە پێنج مانگەدا ئەگەر لەلایەک دەرفەتەکانی بەردەم ئەم شۆڕشەی نیشان داوە، لە لایەکی دیکەشەوە بۆتە هۆی ئەوەی کە هەڕەشەکانی سەر شۆڕشەکەش بەڕوونی خۆ دەربخەن.
پێش هەموو شتێک دەسەڵاتی ژیناکوژی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک لە رێگای سەرکوتی بێبەزەییانەی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و هێرشی موشەکیی و درۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکان نیشانی دا، لەم شۆڕشەدا زیاتر لە هەموو شوێنەکانی دیکەی ئێران بە کوردستان و دواتر بە بەلووچستان قەڵس و توڕە بوو. چونکی ئەگەر لەلایەک دەرکی بە ڕۆڵ و کاریگەریی کوردستان لەم شۆڕشەدا کردبوو، لەلایەکی دیکەوە پێی وابوو دەتوانێ هەر لە ڕێگای هێرش بۆ سەر کوردستان و حیزبە خەباتکارەکانی، ئەم شۆرشە لە فۆڕم و نێوەرۆکدا بەلارێدا بەڕێت. دانەپاڵی ئیدیعای سواوی "تێرۆریستبوون"ی حیزبەکان و ترساندنی خەڵکی ئێران بە تۆمەتی "جیاییخوازیی" بزووتنەوەی کوردستان، کۆد و ڕەمزی ئەو پیلانەی رێژیم بوو کە پێی وابوو لەم ڕێگایەوە دەتوانێ، "کوردستانی دەرفەت" بۆ شۆڕشی ژینا بگۆری بۆ "کوردستانی هەڕەشە" بۆ سەر ئەو مەفهوومە وەهمیانەی کە جیا لە خۆی وەک نیزامێکی فاشیستی و هاومەرامە فاشیستەکانی دیکەی، لای کەس مانای نییە.
لە ڕەوتی بەرەوپیشچوونی شۆڕشی ژینادا لەلایەک بە گرتنەپێشی سیاسەت و هەڵوێستی هۆشمەندانەی سەرکردایەتیی کورد لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان و، لەلایەکی دیکەوە بە هۆی بەرزیی ئاستی شعووری سیاسیی خەڵکانی دیکەی ئێران کە نەتەنیا نەکەوتنە داوی پیلانەکانی ڕێژکم بەڵکوو بە دانی درووشمگەلی وەک؛ "کوردستان، کوردستان، چشم و چراغ ایران"، "از کردستان تا تهران جانم فدای ایران"، "اگر تهران کوردستان شود، ایران گلستان شود" و "کوردستان کوردستان حمایتت میکنیم"، سەلماندیان کە ڕوانگەیان بەرانبەر بە کوردستان زۆری گۆڕان بەسەردا هاتووە و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی مایەپووچ مایەوە.
هەر لە درێژەی ڕەوتی بەڕەوپێشچوونی شۆڕشی ژینادا کورد و ئێرانییەکانی دیکەی دەرەوەی وڵات بە وەرێخستنی ئاکسیۆن و چالاکیی جۆراوجۆر پشتیوانیی خۆیان لە شۆڕش و خەڵکی نێوخۆی وڵات دەردەبڕی و سەرنجی کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەیی و دەوڵەتانیان بۆ بەرەنگارییە جەماوەرییەکانی خەڵک دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕادەکێشا و پەیامەکانی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی ببوون بە کلاس و نموونەیەک لە فیداکاری و بیرۆکەی مودێڕن بۆ ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی ئێران. لە گەرمەی بیرکردنەوە لە چۆنیەتی بنیاتنانەوەی ئێرانی دوای ئەم رێژیمە و چاوەڕوانیی هێز و لایەن و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان لە ڕۆڵ و پێگەی کوردستان و حیزبە خەباتکارەکانی و دەرکەوتنی رێبەرانی کورد لە میدیا و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و هەڵوێستە و دەربڕینە ئەمڕۆیی و چارەسازەکانیان بۆ ئێرانی داهاتوو، تاقمێک دەمارگرژی تەواویەتیخواز لە دەرەوەی وڵات بە دنەدانی هێزی سایبێریی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە کەوتنە هەڕەشەکردن لە دەرفەتی باسکردن لە ئێرانی فرەچەشن و فرەنەتەوە و هاوچەشنی پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە بە بیانووی "جیاییخوازبوون"ی کوردەکان و هەوڵدانیان بۆ لێکهەڵوەشانەوەی ئێران، کەوتنە دژایەتیکردن لە گەڵ مانا و مەفهوومەکانی شۆرشی ژینا.
ئەوان دەبێ بیریان بێتەوە کە شۆڕشی پێشووی گەلانی ئێران دژ بە هەڵاواردن و ستەم و دیکتاتۆری بوو - کە بەداخەوە لە لایەن دێکتاتۆرانی ئەمڕۆ و ڕێبەرەکەیانەوە بەلاڕێدا برا -، ئێستاش دوای ٤٣ ساڵ دیسان گەلانی ئێران خەریکی شۆڕشێکن کە کورد و کوردستان سەرچاوە و دەستپێکی ئەم شۆڕشەن. ئەوان دەبێ بیریان بێتەوە کە بەشدارانی ئەم شۆڕشە لە نێوخۆی وڵات زیاتر لە چوار دەیەیە لەگەڵ دڕندەترین ڕێژیمی سەردەم لە ڕووبەڕووبوونەوە و خەباتدان و کوردەکان لەم ٤٣ ساڵە لەگەڵ ئەوەیکە زۆرترین شەڕ و شۆری لەسەر تاقی کراوەتەوە، پێشەنگایەتیی خەباتی ئازادیخوازی، دێموکراسیخوازی و پێکەوە ژیانێکی ئاشتییانەی کردووە و لەپێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکانی خۆیدا لە هیچ شێوە خەباتێک درێخی نەکردوە. ئەوان دەبێ بیریان بێتەوە کە ئەوەی تا ئێستا هەڕەشەی پارچەپارچەبوونی لە ئێران کردوە، نە کورد و نەنەتەوەکانی دیکەی ئێران بوون، بەڵکوو ئەقڵیەتی تەواویەتیخوازیی ئەوان و ڕەچاوکردنی کردەوە و سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردنی جۆراوجۆری ئەوان بووە.
لە شۆرشی ژینادا کورد جیا لەوەی کە کاراکتێریکی مەیدانی و کۆڵنەدەر بووە کە زۆرترین خوێنی لە جەستە ڕژاوە، لە ڕووی فکری و ئەزموونی خەباتکارانەشەوە دەرفەتێکە کە سەرەڕای ئەو هەڕەشە مەیدانی و فکرییانەی لە سەریەتی، دەتوانێ لە بنیاتنانەوەی ئێرانێکی ئازاد و دێموکرات، دەسەڵاتێکی هاوبەشی سێکۆلاری وڵامدەر بەرانبەر بە وێستی سەرجەم پێهکاتەکانی ئەم وڵاتە، ڕۆڵ و کاریگەریی هەبێت.