کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شنۆ کۆچی دوایی کرد

16:47 - 29 رێبەندان 2722

کاک قادر شافعی‌فەر، ناسراو بە قادر چاوشینی باوکی شەهید فەقێ برایم چاوشینی، خەڵكی ئاوایی گركەگول لە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، بەهوێ نەخۆشی و بەساڵاچوویی لە تەمەنی ٩٠ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکە لە گۆڕستانی گوندی گرکەگۆل بە خاک پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

کاک قادر، کەسێکی نیشتمانپەروەر، خۆشەویست و جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو و  بەھۆی نیشتمانپەروەری و ھەروەھا كوڕە پێشمەرگەكەی لەلایەن ڕێژێمی ئێرانەوە زۆر ئازار و ئەزیەت دراوە.

شەھید فەقێ برایم چاوشینی كوڕێكی خوێندەوار و ڕووح سوک و لەبەر دڵان بوو، لە ساڵی١٣٤١ی هەتاوی، لە ئاوایی گركەگول لە دایک بووە ھەرلەوێش نێردراوەتە قوتابخانە و ساڵی ١٣٥٩وەک لاوێكی بەھەست و نێشتمانپەروەر دێتە نێو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە و لە ھێزی شەھید سمكۆی ئەوكاتدا سازمان دەدرێت، پاشان بەھۆی لێھاتوویی پلەی کادری پێ دەدرێت و لە كۆمیتە ناوچەی دەشتەبێڵ سەر بە كۆمیتەی شارستانی شنۆ وەک كادری تەشكیلاتی سازمان دەدرێت.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٦٤ی ھەتاوی، لەگەڵ ھاوڕێیەكی دیكەی بە ناوی ساڵح ئەمینی خەڵكی دەربەندی ناوچەی دۆڵ لەلایەن ھێزە دژەگەلیەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و جاشە بەكرێگیراوەكانی كۆماری پەت و سێدارە لە پشتی چل ئاشانی گەڵاز بە دیل دەگیرێن و ڕەوانەی بەندیخانەی دەریا لە ورمێ دەكرێن، بە داخەوە لە ڕێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی ئێعدام دەکرێن و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەڵ دەبن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری کاک قادر شافعی‌فەر و خەڵکی ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.