پاش تێپەڕینی ١٣ ڕۆژ لە بومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان، ئاماری قوربانییانی ئەو ڕووداوە بەردەوام ڕوو لە بەرزبوونەوەیە.
یوونس سزار، بەرپرسی ڕێکخراوی بەڕێوەبەریی ڕووداوە لەناکاو و سروشتییەکانی تورکیە، ڕۆژی شەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە تێلێڤیزیۆنی تورکیە ڕایگەیاند کە ئاماری قوربانییانی بومەلەرزەکەی تورکیە، گەیشتووەتە ٤٠ هەزار و ٦٤٢ کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی "فرانس پرێس" ئاماری قوربانییانی بومەلەرزەکەی سووریەش، تا ئێستا گەیشتووەتە ٥ هەزار و ٨٠٠ کەس.
جێگەی ئاماژەیە کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە بە هەزاران کەس بریندار و ئاوارە بوون.
پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان لەمبارەوە هۆشداریی دابوو کە ٨٧٠ هەزار کەس لە سەرتاسەری باکوور و ڕۆژاوای کوردستان و هەروەها تورکیە و سووریە پێویستییان بە هاوکاریی خێرای مرۆیی هەیە. هاوکات سەرووی ٥.٣ میلیۆن کەسیش بەهۆی بومەلەرزەکەوە ئاوارە بوون. ڕایشیگەیاند کە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەوە دەگاتە سەرووی ٥٠ هەزار کەس.