کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر یەکێک لە دامەزراوەکانی سپای پاسداران لە دیمەشق

10:29 - 30 رێبەندان 2722

ئیسرائیل هێرشی مووشەکیی کردە سەر دەوروبەری دیمەشقی پێتەختی سووریە و یەکێک لە دامەزراوەکانی چەکوچۆڵی سپای پاسدارانی کردە ئامانج. ئەم هێرشە بریندار و کوژراویشی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، شەوی شەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ئیسرائیل لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر دەوروبەری دیمەشقی پێتەختی سووریە، دامەزراوەیەکی چەکوچۆڵی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کردە ئامانج و ٥ کەس کوژراون و ١٥ کەسیش بریندار بوون.

ئەو ناوچەیەی کە ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردووەتەوە سەری یەکێک لەو ناوچانەی سووریەیە کە زۆرترین میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی لێیە. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٨دا "عیماد مەغنیە"، یەکێک لە فەرماندەکانی حیزبوڵڵای لوبنان کە سەر بە کۆماری ئیسلامی بوو، لەو ناوچەیە بەهۆی تەقینەوەیەکەوە کوژرا.

کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە ڕێگەی قاچاخەوە چەکوچۆڵ بۆ سووریە دەنێرێت و میلیشیاکانی پێ پڕچەک دەکات. هەروەها پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنانیش دەکات و یەکێک لە هاوپەیمانەکانی دەوڵەتی بەشار ئەسەدە. ئیسرائیلیش دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە چالاکیی سەربازی و سیاسیی هەیە.