کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە فەرمی ئیسرائیلی لە هێرشی دڕۆنی بۆ سەر ناوەندێکی سەربازیی ئیسفەهان بە بەرپرسیار زانی

12:23 - 13 رێبەندان 2722

سەعید ئیروانی، باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە ئێران، ئیسرائیل لە هێرشی دڕۆنیی ئەم دواییانەی بۆ سەر ناوەندێکی سەربازی لە نزیک شاری ئیسفەهان بە بەرپرسیار دەزانێت و مافی خۆیەتی وڵامی ئەو هێرشە بداتەوە.

ئیروانی لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی و سەرۆکی ئەم خولەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەقەکەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندان لە میدیاکانی ئێراندا بڵاو کرایەوە، نووسی: لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە ئیسرائیل بەرپرسە لە هێرشی دڕۆنی بۆ سەر ناوەندێکی وەزارەتی بەرگری لە شاری ئیسفەهان.

دوابەدوای تەقینەوە لە یەکێک لە ناوەندەکانی دروستکردنی تەقەمەنی لە شاری ئیسفەهان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٨ی ڕێبەندان وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ئەو ناوەندە کراوەتە ئامانجی ناسەرکەوتووانەی هێرشێکی دڕۆنی.

هەتا ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیلی بە شێوەی فەرمی بەرپرسیاریەتیی ئەو هێرەشەیان وەئەستۆ نەگرتووە.

لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی ''نوور نیوز'' سەر بە شورای باڵای ئەمنییەتی میللیی کۆماری ئیسلامی، ئیدعای ئەوەی کردبوو کە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، کەرستەی پێویستیان بۆ هێرشکردنە سەر ئەوە ناوەندەی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیم لە هەرێمی کورستانەوە ‌هێناوەتە نێو ئێرانەوە.

لە کاردانەوەدا، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەتوندی ئەو ئیدیعایەی دەزگای پڕوپاگەندەی ڕژیمیان ڕەت کردوە و ڕایگەیاند: ''دوور و نزیک هیچ پێوەندییەکمان بەو هێرشانەوە نەبووە و نییە، هەروەک پێشتریش ڕامانگەیاندووە حیزبەکانی کوردستانی ئێران هیچ‌کات خاکی هەرێمی کوردستانیان بۆ هیچ هێرش و هەڕەشەیەکی ئەمنییەتی و نیزامی لە دژی کۆماری ئیسلامی بەکار نەهێناوە و ئەوەی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا کردوویەتی، بیانوو و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی بنەڕەتی بابەتەکان بە مەبەستی تایبەت بووە.''