کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێرانی ئێستە و شۆرەویی ئەوکات

11:14 - 30 رێبەندان 2722

شەماڵ تەرغیبی

پێشەکی

ڕێکەوتی ٢٦ی دێسامبری ١٩٩١ی زایینی بەرامبەر لەگەڵ ٥ی بەفرانباری ١٣٧٠ی هەتاوی و پاش دەست‌لەکارکێشانەوەی میخاییل گۆرباچۆف سەرکۆماری شۆڕەوی پێشوو، شۆرای باڵای یەکیەتیی سۆڤییەت سەربەخۆیی ١٥ وڵاتی نوێی بەفەرمی ناسی و بەمشێوەیە کۆتاییی بە تەمەنی ئەم یەکیەتییە هات و ئاڵای داس و چەکوش لە کۆشکی کرێملین هێنرایە خوارەوە.

زۆر کەس لەو کاتەدا و تەنانەت ئێستەش پێیان وایە هۆکاری ڕووخانی ڕێژیمی سۆڤییەت پرۆسەی "پێرێسترۆیکا و گلاسنۆست" یان " ڕێفۆرمی ئابووری – پێکهاتەیی و کەشی کراوە و ئازادیی دەربڕین" بووە کە ئەگەر ئەمەش وەک هۆکاری بناغەیی ببینین کۆمەڵێک هۆکاری دیکەش بوونیان هەبووە کە ڕەنگە ئاوڕدانەوە لێیان بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان پێ بدات بۆیە لێرەدا هەوڵ دەدرێت بە شێوەیەکی بەراوردکارانە دۆخی ژیانی سیاسی – کۆمەڵایەتی – ئابووریی ئێستەی ئێران لەگەڵ ئەودەمی شۆرەوی لە چەند سۆنگەی جیاوازەوە هەڵبسەنگێنین.

یەکەم

هۆکاری ئابووری:

داتەپین و لاوازیی ئابووری گەورەترین گرفت و کێشەی یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشوو بوو. یەکیەتیی سۆڤییەت کە سەردەمانێک وەک یەکێک لە دوو زلهێزی جیهان بەئەژمار دەهات و کۆمەڵێک وڵاتی گەورە و بچووکی لە دەوری ئارمان و ئایدیاکانی خۆی کۆ کردبوویەوە خاوەنی چەشنێکی تایبەت لە سازماندانی ئابووری بوو کە تا ئەو سەردەمە لە هیچ شوێنێکی تری دنیادا نەبیندرابوو. ئەم سیستمە کە لە "گۆسپەلان" (دەزگای بەرنامەداڕێژیی ناوەندی) بەرنامەی بۆ دادەنرا و تەواوی بڕیارە ئابوورییەکان لەو ناوەندەوە دەردەچوو دیاریی دەکرد کە هەر پێداویستییەک بە چ ڕێژەیەک بەرهەم بهێندرێت؛ ئیتر لە پێڵاو و جانتاوە بگرە تا ماشین و خواردن و سەرجەم پێداویستییەکانی ژیان؛ هەروەها دیاریی دەکرد کە هەر تاکێکی نێو کۆمەڵگا دەبێ چەندە لەم کەلوپەلە بەرهەمهاتووانە مەسرەف بکات و هەر تاکێك پێویستیی بە چ ڕێژەیەک لەم کەلوپەلانە هەیە؟ هەر بەو ئاستەش دیاری دەکرا کە نرخی هەر شتێک چەندە بێت و هەر تاکێکیش چەندە مووچە دەبێ وەربگرێ؟ ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو بیرە چەوتە داڕێژرابوو کە "دەوڵەت" لە هەمووان زاناترە و بەم شێوازە سیستمێکی ئابووریی دادپەروەرانە دادەمەزرێ کە بەرهەمە کۆتاییەکەی زۆر لەسەری دەبێ و دەبێتە هۆکاری چوونەسەری توانای مانۆڕدانی دەوڵەت لە ئاستی جیهانی.

شۆرەوی بەم سیستمە کارییەوە لە چارەکەسەدەی دووهەمی سەدەی بیستەم توانیی گەشەیەکی بچووکی هەستپێکراو تاقی بکاتەوە بەڵام بەرەبەرە گەشەی ئابوورییەکەی دای لە کزی و لە دەیەی ٨٠ی زایینی تووشی گەشەی نەرێنی بوو و لە کۆتایی هەمان دەیە لەبەر یەک هەڵوەشایەوە. ئەوەی ڕوونە یەکیەتیی سۆڤییەت لەڕووی ئابوورییەوە، بەهۆی گرفتە دامەزراوەییەکانی وەک نەبوونی نیهادی چاودێری، گەندەڵی بەربڵاو، لاوازی لە گرینگیدان بە سەرمایە کۆمەڵایەتییەکان، دەسپێڕانەگەیشتن بە تێکنۆلۆژیی نوێی دنیا، گرفتە پێکهاتەییەکان و لاوازی لە بەڕێوەبەریی بنکە بەرهەمهێنەرەکان تووشی قەیرانیقووڵیی ئابووری بوو. بە واتایەکی تر کەمیی پێداویستییە ڕۆژانەکانی ژیانی خەڵک لەلایەک و دابەشینی نەگونجاوی سەرچاوەکان بەهۆی سیستمی زاڵ و لە هەمان کاتیشدا بوونی گەندەڵیی سیستماتیک لەنێو بەڕێوەبەرە باڵاکانی وڵات بوونە بەستێنخوڵقێنی تێکڕووخانی کۆی پێکهاتەی سیاسی – ئابووریی سۆڤییەت کە سەردەمانێک بانگەشەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی بۆ سەرانسەری جیهان دەکرد.

ئەوەی لە سۆڤییەتدا ئەزموون کرا بریتی بوو لە کەمیی عرضە (خستنەڕوو) لە بەرامبەر تقاضا (داواکاری)دا؛ زۆرێک لە خەڵکی سۆڤییەت توانای دەسپێڕاگەیشتن بە کەلوپەلە بنەڕەتییەکانی ژیانیان نەبوو؛ خەڵک بۆ دابینکردنی باڵتاو یان پێڵاوی زستانی دەبوو چەندین کاتژمێر و لە هەندێ حاڵەتدا چەندین ڕۆژ لە سەفدا ڕابوەستن، ئەگەر شانسیان هەبوایەت و سایزی ئەو کەسە بۆ فرۆشتن هەبوایەت!؛ بەکورتی خەڵکی سۆڤییەت باسیان لە کڕین نەدەکرد بەڵکوو هەموو باسەکان چڕ ببوویەوە لەسەر ئەوەیکە چۆن بیدۆزنەوە.

ئەم دۆخە نەشیاوە لە کاتێکدا بوو کە سۆڤییەت خاوەن کانزای بەپیت و داهاتی لەبار بوو بەڵام پارەی خەڵک تەرخان کرابوو بۆ پەرەدان بە بەرنامەی فەزایی و کەشپێوی و ململانێی چەکوچۆڵ لەگەڵ ئامریکا کە بە شەڕی سارد دەناسرێ. هەر لەمبارەوە ئۆلیگ ئۆژێرلیف کە یەکێک لە هاوکارانی نیزیکی گۆرباچۆف بوو دەڵێ: هۆکاری ڕووخانی شۆرەوی بریتی بوو لە نەبوون و کەمبوونی خۆراک.

لێرەدا بەراوردێکی سەرەپێیی لە نێوان یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشوو و ئێرانی ئێستەی ژێر حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی دەکەین؛ ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ دامەزراوەی لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە بازرگانییەکان سەر بە وەزارەتی سەنعەت و کانزای ڕێژیم ڕاپۆرتێکی شیکاریی بڵاو کردەوە کە تێیدا پێشبینییەکانی خۆی بۆ بەشی ئابووریی ئێران لە ساڵی ١٤٠١ دەکات و دەڵێ: نێونجی نرخی دۆلار لە ئێران بۆ ٣٠ هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە، نرخی هەڵاوسان  دەگاتە ٪٤٧.٨ و نرخی خانوبەرەش لانیکەم ٢٠٪ زیاتر لە ئێستە دەبێ. هەروەها یەکەی زانیارییەکانی ئێکۆنۆمیستیش لە ساڵی ١٤٠٠ ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی ئابووریی ئێران لە ساڵ ١٤٠١ بلاو کردەوە کە تێیدا هاتبوو: "مارپێچی مەزنە هەڵاوسان و نەمانی متمانە بە ڕیاڵ، زیندوونەبوونەوەی بەرجام، خراپتربوونەوەی بارودۆخی ئابووری، شکڵگرتن و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی خەڵکی و سەرهەڵدانی قەیرانی بانکی بەهۆی سیاسەتی دراوی نابەرپرسانە، بەرجەوەنی ساڵی نوێی ئێرانە."

ئەم پێشبینییانە لە کاتێکدا هێشتا نەگەیشتبوونە نیوەی ساڵ خۆیان دەرخست و وەک دیتمان لە ٢٢ی بانەمەڕەوە یەکجێ و زۆر لەناکاو، بەپێی بەرنامە و پلانێک کە دەوڵەت و دەزگا پێوەندیدارەکانی دایانڕشتبوو، نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکان لە ئێران چەندقات زیاد بوون و گرانییەکی ڕەها بەرۆکی خەڵکی گرت؛ خەڵک دەستیان کرد بە ئێعتراز و ناڕەزایەتی‌دەربڕین و لەگەڵ سەرکوتی بێبەزەییانە بەرەوڕوو بوون. لە هەمان کاتیشدا خەڵکی برسی ناچار بوون پێ لە زۆر باوەڕی ئەخلاقیی خۆیان بنێن و هێرشیان کردە سەر کۆمەڵێک مارکێت و فرۆشگەی حکوومەتی تا بتوانن لانیکەم بۆ چەند ڕۆژێکیش بووە خۆیان لەم قەیرانی گرانی و برسیەتییە ڕزگار بکەن.

لێرەدا فلەشبەکێک بۆ بەشی یەکەمی وتارەکەمان لێ دەدەین؛ ئەو شوێنەی کە وتمان لە دەیەی ٨٠ی زایینیدا سۆڤییەت تووشی گەشەی نەرێنی بوو و لە کۆتایی هەمان دەیە لەبەر یەک هەڵوەشایەوە. ئەم خاڵە لە ئێستەدا بەڕوونی  لە ئێرانیشدا دەبیندرێ واتە ئێران لە ئێستەدا ئەو ئەزموونە، ئەزموون دەکاتەوە و تووشی گەشەی نەرێنی بووە. ئێرانیش هاوشێوەی سۆڤییەت لە ڕووی ئابوورییەوە، بەهۆی گرفتە دامەزراوەییەکانی وەک نەبوونی نیهادی چاودێری، گەندەڵیی بەربڵاو، لاوازی لە گرینگیدان بە سەرمایە کۆمەڵایەتییەکان، دەسپێڕانەگەیشتن بە تێکنۆلۆژیی نوێی دنیا، گرفتە پێکهاتەییەکان و لاوازی لە بەڕێوەبەریی بنکە بەرهەمهێنەرەکان تووشی قەیرانی قووڵی ئابووری بووە و کەمیی پێداویستییە ڕۆژانەکانی ژیانی خەڵک لەلایەک و دابەشینی نەگونجاوی سەرچاوەکان بەهۆی سیستمی زاڵ و لە هەمان کاتیشدا بوونی گەندەڵیی سیستماتیک لەنێو بەڕێوەبەرە باڵاکانی وڵات بوونەتە بەستێنخوڵقێنیی تێکڕووخانی کۆی پێکهاتەی سیاسی – ئابووریی ئێران کە بەردەوام و لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا بانگەشەی داکۆکی لە هەژارانی دنیا دەکات.

هاوشێوەی شۆڕەویش کە وەک باس کرا کەوتە نێو گێژاوی شەڕی سارد و داهاتی خەڵکی بۆ سازکردنی چەکوچۆڵی نوێ و گەیشتن بە بۆشایی ئاسمان خەرج دەکرد لە ئێستەشدا کۆماری ئیسلامی سەرباری هەبوونی دەیان و سەدان سەرچاوەی داهات کە بەدڵنیاییەوە دەتوانێ خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی بۆ خەڵک دابین بکات، سەرقاڵی پەرەدان بە بەرنامەی پڕتێچووی ناوکی و سازکردنی مووشەک و دڕۆن و شەڕفرۆشییە لە ناوچە و جیهاندا.

دووهەم

هۆکاری ئایدیۆلۆژیک:

ئیدئۆلۆژی یان جیهانبینیی حیزبی زاڵ لە شۆرەویی پێشوو واتە حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەتیی (CPSU) بریتی بوو لە مارکسیزم – لێنێنیزم؛ ئیدیۆلۆژییەک کە خاوەنی ئابوورییەکی کۆنتڕۆڵکراوی سەنتڕاڵ بوو و دەوڵەتێک یان تاکەحیزبێک بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی واتە دامەزراندنی سیستمی دیکتاتۆرییەتی پرۆلتاریا کەڵکی لێ‌وەردەگرت. ڕێبەرانی شۆرەویی پێشوو بە پشت‌بەستن بە ئیدیۆلۆژیی زاڵی خۆیان هەوڵیان دا کە بە وێکخستن و سەریەکخستنی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی نیشتەجێ لە جوغرافیای ڕووسیە و لەوەش زیاتر لە بلووکی کۆمۆنیستی، کە هەرکام خاوەنی کلتوور و دابونەریتێکی جیاواز و ئایین و مەزهەبێکی جیاواز بوون، یەکەیەکی نوێ بنیات بنێن کە خاوەنی شوناسێکی تازە بوو بەناوی شۆرەوی. یەکەیەک کە ئەگەرچی نزیک بە ٤٠ ساڵ تێچوویان بۆ دا بەڵام بەهۆی کێشە و گرفتی جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی نەتەنیا ساز نەبوو بەڵکوو بە کەمبوونەوەی بەردەوامی هێزە ئیدیۆلۆژییەکەی کۆتاجار لێک هەڵوەشایەوە. شۆرەوی بۆ سەپاندنی ئایدیۆلۆژی خۆی و ڕاکێشانی سەرنجی هاوپەیمانی زیاتر لە بیاڤی سیاسەتی دەرەکیدا کۆمەڵێک بەڵێنی دابوو کە لەڕاستیدا لە توانای ئابووریی ئەم وڵاتەدا نەبوو. جیا لەمەش ڕووسەکان بەهۆی پێبەندبوونە سیاسی و ئایدیۆلۆژیکەکانیان چاویان لە ئاست کەتوارە ئابووری و سیاسییەکان نووقاندبوو؛ زانستی ئابووری بەلایانەوە گرینگی و سەرەتی نەبوو و هەر ئەمەش وای کرد کە لە دەیەی ٧٠ی زایینی و بە دابەزینی نرخی نەوت ناچار بن لە چوارچێوەی ئەو بەڵێننامە ئایدیۆلۆژیکانەی کە واژۆیان کردبوو، هەر بەرمیلێک نەوت بە کەمتر لە ٣ دۆلار بە وڵاتانی ئۆرووپای ڕۆژهەڵات بفرۆشن کە دواجار ئەمە وای کرد کە ناچار بن پێداویستییەکانیان، هەر لە کەلوپەلە سەنعەتییەکانەوە بگرە تا دەگاتە بەرهەمی کشتوکاڵی و خواردن، لە ڕۆژاوا و بلووکی کاپیتالیستی هاوردە بکەن.

هەر لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیکە دوور لە لۆژیکەکانی سەرانی شۆرەوی دەبینین کە ئەوان بۆ پەرەدان بە دەسەڵاتەکەیان و گەیشتن بە ئایدیای سازکردنی ئیمپراتۆریەتی دیکتاتۆری پرۆلتاریا دەستیان کرد بە ڕکەبەرایەتیی چەکوچۆڵ کە بەپێی ئامارەکان تێچووی سەربازی لە شۆرەویدا نزیک بە ١٧ لەسەدی کۆبەرهەمی ناپەتیی نێوخۆیی ئەم وڵاتە بووە. هەر کەسێکیش لەم چوارچێوە جوغرافیاییەدا بیویستبا دژ بەم سیاسەتانە دەنگ هەڵبڕێ دەگیرا، ئازار دەدرا، لە زیندان دەخرا و دواجار بەناوی دژبەری دیکتاتۆری پرۆلتاریا و لایەنگری سەرمایەداری یان سیخوڕی ئامریکا و بلووکی ڕۆژاوا ئێعدام دەکرا تا ببێتە نموونە و ئۆلگوو بۆ خەڵکانی تر!

لە ئێرانی پاش شۆڕشی بەتاڵانبراوی ٥٧یش تەواوی ئەم پرسانە بە زەقی دەبیندرێن؛ لە پاش هاتنەسەرکاری خومەینی و لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژییەک کە ئەو باوەڕی پێی هەبوو واتە دامەزراندنی سیستمی ویلایەتی فەقیهی کە ئەم بیرۆکە و جیهانبینییەی لە کەسانێکی وەک شێخ عەبدولعالی کەرەکی ناسراو بە "محقق ثانی" وەرگرتبوو، دەس کرا بە پڕوپاگاندا لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیی ئاماژەبۆکراو کە گوایە بە هاتنەسەرکاری ئەم سیستمە نەک هەر ئێران بەڵکوو لە هەموو جیهاندا هەژاری بنبڕ دەبێت، مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەگەنە باڵاترین پێگەی مەعنەویی خۆیان، خۆشبژێوی ڕوو لە هەمووان دەکات و یەکسانی و ئارمانە ئاسمانییەکان دادەبەزێندرێنە سەر عەرز بەڵام ئەوەیکە لە عەرزی ڕەقدا بینرا نەتەنیا جێبەجێ‌نەکردنی ئەم خەون و خولیاگەلە نەبوو بەڵکوو بەپێچەوانەوە لێئەستاندنی هەموو ئەو خۆشی و ئاسایشانە بوو کە خەڵک بۆخۆیان دابینیان کردبوو.

ئەوانەش هاوشێوەی ڕێبەرانی شۆرەویی پێشوو بە پشت‌بەستن بە ئیدیۆلۆژیی زاڵی خۆیان هەوڵیان دا کە بە وێکخستن و سەریەکخستنی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی نیشتەجێ لە جوغرافیای ئێران و لەوەش زیاتر لە ئاستی ناوچەیی، کە هەرکام خاوەنی کلتوور و دابونەریتێکی جیاواز و ئایین و مەزهەبێکی جیاواز بوون، یەکەیەکی نوێ بنیات بنێن کە خاوەنی شوناسێکی تازە بوو بەناوی ویلایەتی فەقیه و ئیمپراتۆری شێعەی ١٢ ئیمامی. یەکەیەک کە ئەگەرچی زیاتر لە ٤٠ ساڵە تێچووی بۆ دەدەن بەڵام بەهۆی کێشە و گرفتی جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی نەتەنیا ساز نەبووە بەڵکوو بە کەمبوونەوەی بەردەوامی هێزە ئیدیۆلۆژییەکەی بەرەو کۆتامەنزڵگەی خۆی هەنگاو دەنێ. کۆماری ئیسلامیش هاوشێوەی شۆرەوی بۆ سەپاندنی ئایدیۆلۆژی خۆی و ڕاکێشانی سەرنجی هاوپەیمانیی زیاتر لە بیاڤی سیاسەتی دەرەکیدا کۆمەڵێک بەڵێنیی داوە کە لەڕاستیدا لە توانای ئابووریی ئەم وڵاتەدا نییە. جیا لەمەش ئەوان بەهۆی پێبەندبوونە سیاسی و ئایدیۆلۆژیکەکانیان چاویان لە ئاست کەتوارە ئابووری و سیاسییەکان نووقاندووە؛ زانستی ئابووری بەلایانەوە گرینگی و سەرەتی نییە چونکە خومەینی پێی وابوو ئەمە بۆ ئاژەڵان دروست کراوە و هەر ئەمەش وای کردووە کە لەگەڵ هەرجارەو دابەزینی نرخی نەوت، کە ئابووریی ئەم وڵاتەی پێ بەستراوەتەوە، ناچار بن لە چوارچێوەی ئەو بەڵێننامە ئایدیۆلۆژیکانەی کە واژۆیان کردووە، سامانی خەڵک و کەرامەتی ئینسانییان هەرزانفرۆش و تەنانەت بەلاشفرۆش بکەن، کە ئەمە وای کردووە ناچار بن پێداویستییەکانیان، هەر لە کەلوپەلە سەنعەتییەکانەوە بگرە تا دەگاتە بەرهەمی کشتوکاڵی و خواردن، لە ڕۆژاوا و بلووکی کاپیتالیستی کە ئەوان بە شەیتانی گەورە دەیناسێنن، هاوردە بکەن.

هەر لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیکە دوور لە لۆژیکەکانی سەرانی کۆماری ئیسلامییە کە دەبینین، بۆ پەرەدان بە دەسەڵاتەکەیان و گەیشتن بە ئایدیای سازکردنی ئیمپراتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی دەستیان کردووە بە ڕکەبەرایەتیی چەکوچۆڵ کە ئەگەرچی ئامارێکی ورد لەبەر دەستدا نییە تاکوو دەری بخات چەندە لە سامان و داهاتی ئەم وڵاتە سەرفی پرۆژە زەبەلاحە ناوکی و چەکوچۆڵییەکانی تاران کراوە بەڵام دەرەنجامەکەی لە سەر شەقامەکانی ئێراندا دەبیندرێت.

هاوشێوەی شۆرەویش هەر کەسێک لەم چوارچێوە جوغرافیاییەدا بیهەوێ دژ بەم سیاسەتانە دەنگ هەڵبڕێ دەگیرێ، ئازار دەدرێ، لە زیندان دەخرێ و دواجار بەناوی دژبەری حکوومەتی عەدڵی عەلی و نوێنەری خودا لەسەر عەرز و لایەنگر یان سیخوڕی ئامریکا ئیسراییل یان ڕۆژاوا ئێعدام دەکرێ تا ببێتە نموونە و ئۆلگوو بۆ خەڵکانی تر!

سێهەم

هۆکاری "نەمانی ڕەوایی"

لە سەردەمی شۆرەوی پێشوودا و بە بەردەوامی لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیی زاڵ و لەڕاستای مانەوە و هێشتنەوەی دەسەڵاتی داسەپاودا بە خەڵک دەگوترا ڕۆژاواییەکان بەهۆی زاڵبوونی دەسەڵاتی کاپیتالیستی و سیستمی سەرمایەداری کەوتوونەتە تەنگەژەی سیاسی و ڕەوایی و کۆمەڵایەتییەوە؛ تەنگەژەیەک کە بووەتە مایەی هەژاری و چارەڕەشیی خەڵکانی نیشتەجێ لەم وڵاتانە. ئەم بانگەشە و پڕوپاگاندەیە کە لە ڕێگەی ڕادیۆ و ڕۆژنامە و بەگشتی ڕاگەیاندنی ئەودەم ئەنجام دەدرا وەهای کردبوو کە خەڵک لە یەکیەتیی سۆڤیەتدا تا ڕادەیەک باوەڕ بهێنن کە خۆیان لەنێو وڵاتێک دەژین کە هیچ گرفتێک بوونی نییە و ئەمە ڕێگای گەیشتن بە بەختەوەری و لووتکەی ژیانی مرۆڤە؛ بەڵام لە کۆتاییەکانی دەیەی ٨٠ی زایینیدا بەرەبەرە کە خەڵک پێوەندییەکانیان زیاتر و نیزیکتر بوویەوە دەیاندیت کە لە زۆربەی وڵاتانی دنیای ڕۆژاوادا ئاستی ژیان، ئاستی ئازادییە تاکەکەسییەکان و ئاستی خۆشبژێوی، بەپێچەوانەی بانگەشەکانی کرێملین، بەبەراورد لەگەڵ دۆخی ژیانی خۆیان باشترە. ئیتر خەڵکانی شۆرەوی چاویان کرابوویەوە و سانسۆرکردنەکانی کاگێبێ و پارازیت خستنە سەر ڕادیۆی رۆژاواییەکان نەیدەتوانی تینوێتی ئەوان بۆ دۆزینەوەی وڵامی پرسیارە کەڵەکەبووەکانی مێشکیان بشکێنێ و لە هەموو قسە و باس و هەواڵێکی بڵاوکراو لەلایەن دەسەڵاتەوە بەگومان بوون. خەڵک ئیتر بۆیان ڕوون دەبوویەوە کە ئەو قارەمانە مێژوویی و فەرهەنگییە (مەبەست ئایدیۆلۆژیی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا و ئامرازی جێبەجێکارەکەی واتە یەکیەتیی سۆڤییەتە) کە تەنیا خەباتکاری گۆڕەپانی نەهێشتنی ناشیرینی و خراپییەکانە بەڕاستی ڕزگاریدەری ژیانیان نییە.

ئەم بارودۆخە تا دەهات زیاتر پێگە و جێگەی دەسەڵاتدارانی دەخستە لەرزە و تا دەهات زیاتر خەڵک لە دەسەڵاتە داسەپاوەکەیان و ئایدیۆلۆژییەکەی دەتەکانەوە تا وای لێهات کە لە ساڵانی کۆتایی تەمەنی شۆرەویدا ئیتر هیچ بەردەنگێکی ئەوتۆ بۆ پەیامە ڕۆژانە و حەفتانەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە نەدەما و ئەوەیکە ببووە برێند بۆ خەڵک و بەدواداچوونی بۆ دەکرا هەواڵ و ڕاپۆرتگەلێک بوو کە لە وڵاتانی سەرمایەدارییەوە خۆیان دەخزاندە نێو دنیای ڕەشی شۆرەوی.

لێرەدا پێش لەوەیکە بپەرژێینە سەر بەراوردی نێوان دۆخی ئەودەمی شۆرەوی و کەشوهەوای سیاسیی ئێستەی ئێران و لەباری ڕەواییەوە لێکیان بدەینەوە پێویستە بەکورتیش بووە باسێک لەسەر گرینگیی ڕەوایی بۆ دەسەڵاتێکی سیاسی بکەین؛ چەمکی "هێزی سیاسی" (political power) یەکێک لە گرینگترین چەمکە سیاسییەکانە کە زۆر جار وەک جەوهەری سیاسەتیش ناوی لێ دەبردرێ. هێزی سیاسی بریتییە لەو هێزەی کە تاکێک یان کۆمەڵە کەسێک لە نێو کۆمەڵگادا بۆ شوێندانەری و کۆنترۆڵکردنی ژیانی تاکەکانی تر یان گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە خاوەندارێتی دەکەن. جا ئەم هێزە کاتێک خاوەنی "ڕەوایی کۆمەڵایەتی" بوو، دەبێتە باڵادەستی، دەسەڵاتداری، بەهێزبوون، گەورەیی و میرایەتی و ئەگەر لەم ڕەواییە بەتاڵ بوویەوە دەبێتە هێزێکی بێدەسەڵات کە تێیدا نە یاسا دەور دەبینێ نە ئایدیا و لۆژیک. کاتێک کە لۆژیک، بوونی نەما و یاساش خرایە پەراوێزەوە تاکوو ئامرازەکانی سەرکوت بتوانن دەسەڵات و دەسەڵاتداران بپارێزن، توندوتیژی، گرتن، لێدان، ئەشکەنجەکردن، ئێعدام و کۆی ئەو هەنگاوانەی کە دەرهاویشتەی پرسی توندوتیژین سەر هەڵدەدەن و "ڕەوایی کۆمەڵایەتی" نەتەنیا بوونی نامێنێ بەڵکوو جێگەی خۆی دەدات بە توندوتیژیی کۆمەڵایەتی. هەرچەندە توندوتیژی زیاتر ببێ هەر بەو ڕێژەیەش قەیرانی نەمانی ڕەواییش زیاتر دەبێ کە لە ئاکامدا ناسەقامگیریی حکوومەت زیاتر دەبێ و دەبێتە هۆی توندوتیژیی زیاتر؛ بە دیوێکی تریدا توندوتیژی و نەمانی ڕەوایی حکوومەتی بەردەوام خۆی بەرهەم دێنێتەوە.

لێرەدا دەگەڕێینەوە سەر ئەسڵی بابەتەکەمان و هەوڵ بۆ شەنوکەوکردنی دۆخی سیاسیی ئێران دەدەین. پێکهاتەی سیاسیی ئێران بەدرێژایی مێژوو هەوڵی داوە ڕەوایی خۆی گرێ بدات بە ئاسمانەوە واتە بە خەڵک بڵێ ئەو دەسەڵاتەی ئێستە لە ئێراندا هەیە لە فیلتێرێکی ئاسمانییەوە دەرچووە و پێمل‌نەبوون پێی بەواتای لاساری‌کردن لەگەڵ خودایە. لەم نێوانەشدا بیرکردنەوە و جیهانبینیی ئێمە پیرۆزە و تەنیا ڕێگای گەیشتن بە بەختەوەریی ئەم دنیا و دنیای دواتریشە کە ڕوونە ئامرازی جێبەجێکردن و بەئاکامگەیاندنی "دین"ە.

لێرەوە دەپەرژێینە سەر بەراوردکاریمان بۆ هەر دوو ڕێژیمی ئێستەی ئێران و ئەودەمی شۆرەوی؛ وەک باس کرا لە سەردەمی شۆرەوی پێشوودا بە بەردەوامی لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیی زاڵ و لەڕاستای مانەوە و هێشتنەوەی دەسەڵاتی داسەپاودا بە خەڵک دەگوترا ڕۆژاواییەکان بەهۆی زاڵبوونی دەسەڵاتی کاپیتالیستی و سیستمی سەرمایەدارییان کەوتوونەتە تەنگەژەی سیاسی و ڕەوایی و کۆمەڵایەتییەوە؛ تەنگەژەیەک کە بووەتە مایەی هەژاری و چارەڕەشیی خەڵکانی نیشتەجێ لەم وڵاتانە. لە ئێرانی ئێستەشدا و بە درێژایی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا بانگەشەی لەم چەشنە کراوە و دەکرێت کە گوایە دنیای ڕۆژاوا و لەسەرووی هەمووانەوە ئامریکا، کە ئەوان بە شەیتانی گەورە ناوی لێ دەبەن، لەوپەڕی دۆشداماوی‌دا درێژە بە ژیانی سیاسی و کۆمەلایەتی دەدەن و خەڵکەکەی ناڕازین لە دۆخی داسەپاو بەسەریاندا و کەم ڕۆژ هەیە لەژێر ڕێنوێنیی جەماران سەدان کەس لە ڕۆژاواییەکان پەیوەست بە ئایینی ئیسلام لە چەشنی دوازدە ئیمامیی ویلایەتی نەبن! لەوێ گەندەڵیی ماڵی و ئیداری تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و گەندەڵیی ئەخلاقی و بێڕەوشتیی گرێچنی بنەماڵە و کۆمەڵگاکانی هەڵوەشاندۆتەوە و وەک دەگوترێ "ئاداری بەسەر پادارەوە نەماوە"!

لە شۆرەویدا ئەم بانگەشە و پڕوپاگاندایە لە ڕێگەی ڕادیۆ و ڕۆژنامە و بەگشتی ڕاگەیاندنەکانەوە ئەنجام دەدرا کە وەهای کردبوو خەڵک لە یەکیەتیی سۆڤییەتدا تا ڕادەیەک باوەڕ بهێنن کە خۆیان لەنێو وڵاتێک دەژین کە هیچ گرفتێک بوونی نییە و ئەمە ڕێگای گەیشتن بە بەختەوەری و لووتکەی ژیانی مرۆڤە؛ بەڵام لە کۆتاییەکانی دەیەی ٨٠ی زایینیدا بەرەبەرە کە خەڵک پێوەندییەکانیان زیاتر و نزیکتر بوویەوە دەیاندیت کە لە زۆربەی وڵاتانی دنیای ڕۆژاوادا ئاستی ژیان، ئاستی ئازادییە تاکەکەسییەکان و ئاستی خۆشبژێوی، بەپێچەوانەی بانگەشەکانی کرێملین، بەبەراورد لەگەڵ دۆخی ژیانی خۆیان باشترە. لێرەشدا خاڵە هاوبەشەکان زیاتر دەردەکەون. لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی خومەینی، لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بە خەڵک قبوڵێندرابوو کە ئەوا خودا ئێمەی ناردووە تا لە چەپەڵییەکان ڕزگارتان بکەین بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و بە تێپەڕینی ساڵ و مانگەکان زیاتر و زیاتر خەڵک چاویان کرایەوە و بەهاتنی سەتەلایت و ئینتێرنێت و بەربڵاوتربوونی دەسەڵاتی چوارەم خەڵک زانیان کە بە پێچەوانەی ئیددیعا و بانگەشەکانی جەماران ئەوا ئەوانن کە کەوتوونەتە نێو باتڵاق و خەڵک لە دنیای قەبێحکراوی ڕۆژاوادا لانیکەم دۆخی ژیانیان لە هی دانیشتووانی ئێران باشترە! بۆیە چیدیکە سانسۆرکردنەکانی ئیتلاعات و پارازیت خستنەسەر ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ڕۆژاواییەکان نەیتوانی تینوێتی ئەوان بۆ دۆزینەوەی وڵامی پرسیارە کەڵەکەبووەکانی مێشکیان بشکێنێ و ئێستە لە هەموو قسە و باس و هەواڵێکی بڵاوکراو لەلایەن دەسەڵاتەوە بەگومانن. خەڵک ئیتر بۆیان ڕوون بووەتەوە کە ئەو قارەمانە مێژوویی و فەرهەنگییە (مەبەست ئایدیۆلۆژی ویلایەتی فەقیه و ئامرازی جێبەجێکارەکەی واتە دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی زاڵ لە تاران) کە تەنیا خەباتکاری گۆڕەپانی نەهێشتنی ناشیرینی و خراپییەکانە بەڕاستی ڕزگاریدەری ژیانیان نییە.

ئەم بارودۆخە وای کردووە کە هەنووکە زیاتر لە هەر کاتێک پێگە و جێگەی دەسەڵاتدارانی تاران کەوتووەتە لەرزە و تا دێت زیاتر خەڵک لە دەسەڵاتە داسەپاوەکەیان و ئایدیۆلۆژییەکەی دەتەکێنەوە بەچەشنێک کە لە ئێستەدا ئیتر هیچ بەردەنگێکی ئەوتۆ بۆ پەیامە ڕۆژانە و حەفتانەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەکانی جەماران نەماوە و ئەوەیکە بووەتە برێند بۆ خەڵک و بەدواداچوونی بۆ دەکرێ هەواڵ و ڕاپۆرتگەلێکن کە لە وڵاتانی سەرمایەدارییەوە خۆیان دەخزێننە نێو دنیای ڕەشی ئێران؛ کە کۆی ئەم فاکتەرانە دەری دەخەن کۆماری ئیسلامی خاوەنی ڕەوایی خەڵکی، لانیکەم وەک سەرەتاکانی بەدەسەڵاتگەیشتنی نییە.

هۆکاری "شوناسخوازی"

وەک لە بەشەکانی پێشووی ئەم زنجیرەوتارەدا باسی لێوە کرا یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشوو سیستمێکی حوکمڕانیی چەند نەتەوەیی بوو کە جێگەی بەتاڵی ئیمپراتۆرییەتی ڕووسییەی تێزاریی گرتەوە. لە ١٥ دەوڵەتی کۆماری پێک هاتبوو کە بڕیار بوو هەمووان وەک گەلی برا خاوەنی مافی وەک یەک و یەکسانی بەمانای ڕاستەقینەی وشە بن؛ بۆ نموونە ئەگەر تاکێکی ڕووس لە مۆسکۆ خاوەنی ئازادیی تاکەکەسییە و لە هەموو مافێکی ئینسانی بەهرەمەندە ئەوا تاکێکی دیکەی نێو نیزامی شۆرەوی لە دووشەمبە یان قەرەباغ کە بە ڕەچەڵەک تورکمان یان تاجیک یان ئازەرییە دەبێ هەمان ماف و ئازادیی هەبێ بەڵام پاش چەند ساڵ لە تەمەنی یەکیەتیی سۆڤییەت دەرکەوت کە ئەوە تەنیا هەندێ درووشمی زریقەوبریقەداری نێو چیرۆکەکانن و لە دنیای ڕاستیدا نەتەنیا ئەم یەکسانییە خەیاڵییە بوونی نییە بەڵکوو بەپێچەوانەوە کەمترین ئازادییەکانیش کە پێشتر بەپێی نەریت و کلتووری ئەم نەتەوانە بوونیان هەبوو دەسڕدرانەوە چونکە وەک لە مانیفێستی شۆرەویدا هاتبوو ئەوانە بۆ کۆمەڵگای سۆسیالیستی زەرەرمەند بوون و قازانجیان نەبوو! بەکورتی بە تێپەڕینی زەمەن دەرکەوت کە ئەو چەند کەسەی لە مۆسکۆ و لە کۆشکی کرێملین بڕیار بەدەست بوون هەموو هەوڵ و کۆششیان ئەوە بوو کە وەک کۆلۆنی لەگەڵ دەوڵەتە کۆمارییەکان هەڵسوکەوت بکەن و بە هەڵلووشینی سامان و داراییەکانیان تێبکۆشن ڕووسیا بەهێزتر، دەوڵەمەندتر و زەبەلاحتر بکەن هەر بۆیە لە ئامرازەکانی بەردەستیان و یەک لەوان فێرکاری و بارهێنان کەڵکاوەژوویان وەرگرت و زمان و فەرهەنگی ڕووسیان لە زۆربەی ناوچەکان زاڵ کرد.

گلاسنۆست بووە هۆکاری ئەوەیکە زۆرینەی خەڵک و نەتەوە ستەملێکراوەکانی ڕابردوو بەو ڕاستی و کەتوارە بگەن کە سەرکوتە خوێناوییەکانی پێشوو کە بە ناوی چێکردنی کۆمەڵگای سووسیالیستی ئەنجام دەدران، لەوانەش قاتوقڕیی دەسکردی دەیەی ١٩٣٠ لە ئۆکراینا، داگیرکردنی وڵاتانی دەریای باڵتیک و ناوچە ڕۆژاواییەکانی ئۆکراینا و کۆچی زۆرەملێی زۆرێک لە گرووپە ئێتنیکییەکان لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی، تەنیا هەندێ هەنگاوی فاشیستییانەی کڕێملین بووە بۆ خۆفەرزکردنیان و مانەوەی زیاتر لە دەسەڵات.

ئەم ڕووداوانە و ڕوونبوونەوەی ئەم کەتوارانە کۆمەڵێک شەپۆلی بەهێزی ناسیۆنالیستی و شوناسخوازیی بەدوای خۆیدا هێنا کە لە ناخی خۆیاندا هەڵگری ویستێک بوون بەناوی "دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین لە فۆرمی خودموختاری"دا.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم باسەی کە ئاماژەی پێکرا دەپەرژێینە سەر دۆخی ئێستەی ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی؛ لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی شۆڕش لەلایەن ئاخوندەکانی جەمارانەوە بە ڕێبەریی خومەینی، کۆمەڵێک دروشمی زریقەوبریقەدار و ڕەنگاڵە لە قازانجی هەموو دانیشتووانی جوغرافیای ئێران، هەر لە وادەی بەخۆڕاییکردنی پێداویستییەکانی ژیان و دابینکردنی خۆشبژێوی و گەیاندنی تاکەکان بە پلەی "ئینسانییەت"ەوە بگرە تا دەگاتە ئاسانکردنی گەیشتن بە بەهەشت دران؛ لەو نێوەشدا ئیتنیک و نەتەوەکانی نیشتەجێ لەم جوغرافیا بێبەش نەکران و بەڵێن درا کە لەبارترین و شیاوترین دۆخیان بۆ بڕەخسێندرێ تا هەمووان بە یەکسانی و وەک یەک ژیان بکەن کە بەداخەوە کەم نەبوون ئەو تاکانەی فریوی ئەم جۆرە پڕوپاگەندانەیان خوارد و لەگەڵ لەشکری خومەینی کەوتن.

لەو نیوانەدا وەک بەڵگە مێژووییەکان شاهیدی دەدەن کورد تەنیا نەتەوەیەک بوو کە هەر لەسەرەتاوە "نا"یەکی قورس و قایمی پێ وتن کە ئەم مژارە لە دەرەتانی دیکەدا دەبێ شەنوکەوی بۆ بکرێت.

بەهەرحاڵ کۆماری ئیسلامی بەو دروشمانەی کە قەرار بوو بە زاڵکردنی ئیسلامی ویلایەتی بێنە دی، هاتە سەرکار و لە یەکەم هەنگاوەکاندا پاشەکشێ و سەرکوتی مافویستان دەستی پێکرد. ئازادیخوازان و چالاکانی سەر بە نەتەوەکان کە کڵاوی خومەینی چبووە سەریان، گیران و لە بەندیخانەکان خۆیان دیتەوە، هەندێکیان دۆسییەیان بۆ ساز کرا و ئێعدام کران. هاوشێوەی شۆرەویی پێشوو قەتڵوعام و کوشتار بەناوی داکۆکی لە ئیسلام دژ بە کورد، تورکمان، لوڕ و عەرەبەکانی ئێران دەستی پێکرد. فەرمانی بەدناوی جیهاد درا و سەدان کەس لە فریوخواردووانی کۆماری ئیسلامی ڕوویان لە کوردستان کرد تاکوو کلیلی بەهەشت وەربگرن. لە خاکەلێوەی ٥٨ و دواتریش لە ڕێبەندانی هەمان ساڵ پاسدارانی کۆماری ئیسلامی کوشتاری تورکمەنسەحرایان خوڵقاند؛ لە جۆزەردانی ساڵی ٥٨ چەکدارانی سەر بە جەماران بەناوی ئیسلام و پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی شۆڕش، سەدان لاو و چالاکی عەرەبی ئەحوازیان کوشت.

وەک لە سەردەمی شۆرەویدا دیتمان و باسمان کرد ئەم سیستمە حوکمڕانییە لە ١٥ دەوڵەتی کۆماری پێک هاتبوو کە بڕیار بوو هەمووان وەک گەلی برا خاوەنی مافی وەک یەک و یەکسانی بەمانای ڕاستەقینەی وشە بن؛ لە ئێرانیشدا ئەم جوغرافیا دەسکردە لە ٥ نەتەوەی سەرەکی کە بریتین لە کورد، تورک، عەرەب، تورکمان، بەلووچ و چەندین کەمینەی نەتەوەیی و ئایینیی دیکە پێک هاتووە کە وەک هێمای بۆ کرا پێیان وترابوو لە سێبەری ئیسلامێک کە خومەینی داشداریی دەکات بە پێگەی بەرزی ئینسانی دەگەن و لە مافی وەک یەک بەهرەمەند دەبن بەڵام ئەوەیکە ئەمڕۆ دەبیندرێ هاوشێوەی شۆرەویی پێشوو لە جەمارانەوە هەندێ بڕیار دەدرێ لە ڕاستای هەڵلووشینی سامان و دارایی ناوچە کۆلۆنیکراوەکانی کوردستان، عەرەبستان، تورکستان و بەلووچستانی ئێران و هیچکات ئەو ماف و ئازادییەی کە بە تاکێکی تارانی یان ئیسفەهانی یان قۆمی دەدرێ بە کوردێکی سنەیی یان بەلووچێکی زاهێدانی یان عەرەبێکی ئەحوازی نەدراوە و ناشدرێ چونکە باوەڕی جەماران ئەوەیە کە ئەمانە نەک نەتەوە نین بەڵکوو خوای مەزن سازی کردوون تاکوو بە خۆیان و سەرزەوینیانەوە خزمەتی دەسەڵاتی پارسی بکەن.

وەک گوترا پاش چەند ساڵ لە تەمەنی یەکیەتیی سۆڤییەت دەرکەوت کە ئەوە تەنیا هەندێ دروشمی زریقەوبریقەداری نێو چیرۆکەکانن و لە دنیای ڕاستیدا نەتەنیا ئەم یەکسانییە خەیاڵییە بوونی نییە بەڵکوو بەپێچەوانەوە کەمترین ئازادییەکانیش کە پێشتر بەپێی نەریت و کلتووری ئەم نەتەوانە بوونیان هەبوو دەسڕدرانەوە چونکە وەک لە مانیفێستی شۆرەویدا هاتبوو ئەوانە بۆ کۆمەڵگای سۆسیالیستی زەرەرمەند بوون و قازانجیان نەبوو! ئەگەر بە چاوێکی کراوەوە لە دۆخی ئێستەی ئێران و خەڵکانی نیشتەجێ لەم جوغرافیاش بڕوانین دەبینین کە ئەم چەند ڕستە چەندە لەگەڵ دۆخی ئێستەی ئێران یەکانگیرە! لە ئێرانیشدا ئازادییە کلتوورییەکانی پێش لە هاتنی سپای ئیسلامی خومەینی بە یاساغ و دژە دین و دژ بە مانیفێستی جەماران پێناسەیان بۆ کرا و ڕەچاونەکردنی ڕەوشتە داسەپاوەکانی تاران حوکمی گیران و ئازار و زیندان و سەرکوتیان هەبوو.

بەکورتی وەک چۆن لە شۆرەوی بە تێپەڕینی زەمەن دەرکەوت کە ئەو چەند کەسەی لە مۆسکۆ و لە کۆشکی کرێملین بڕیار بەدەست بوون و هەموو هەوڵ و کۆششیان ئەوە بوو کە وەک کۆلۆنی لەگەڵ دەوڵەتە کۆمارییەکان هەڵسوکەوت بکەن و بە هەڵلووشینی سامان و داراییەکانیان تێبکۆشن ڕووسیا بەهێزتر، دەوڵەمەندتر و زەبەلاحتر بکەن لە ئێرانیشدا هەمان ڕێچکە گیرایە بەر و ناوەند بە چاوی کۆلۆنی و تەنانەت لە کۆلۆنیش کەمتر سەیری جوغرافیای نەتەوەکانی دەکرد و دەیکات، هەر بۆیە لە ئامرازەکانی بەردەستیان و یەک لەوان فێرکاری و بارهێنان کەڵکاوەژوو وەردەگرن و وەک دەبینین زمان و فەرهەنگی فارسییان لە زۆربەی ناوچەکان زاڵ کردووە.

ئەگەر گلاسنۆست بووە هۆکاری ئەوەیکە زۆرینەی خەڵک و نەتەوە ستەملێکراوەکانی شۆرەوی بەو ڕاستی و کەتوارە بگەن کە سەرکوتە خوێناوییەکانی پێشوو، کە بە ناوی چێکردنی کۆمەڵگای سووسیالیستی ئەنجام دەدران، تەنیا هەندێ هەنگاوی فاشیستییانەی کڕێملین بووە بۆ خۆفەرزکردنیان و مانەوەی زیاتر لە دەسەڵات، ئەوا لە ئێرانی ئێستەشدا و لە سێبەری هاتنی سۆشیاڵمیدیا و زیادبوونی پێوەندییەکان و بەرزبوونەوەی ئاگایی و وریایی خەڵک بەتایبەت بەرزبوون و بەهێزبوونی هەست و شعووری نەتەوەخوازی و شوناسخوازی لەنێو نەتەوەکان دەبینین کە خەڵک بە تەواوی بۆیان ڕوون بۆتەوە، ئەوەی تا ئێستە بەناوی دین و ئیسلام و دواڕۆژی گەش دەرخواردیان دراوە تەنیا هەندێک ژاری شیرینکراو بووە و هیچی تر. هەر ئەمەشە کە دەبینین لە سەرانسەری جوغرافیای نەتەوەکان شەپۆلی بەهێزی ناسیۆنالیستی و شوناسخوازی سەریان هەڵداوە کە لە ناخی خۆیاندا هەڵگری ویستێکن بەناوی "دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین لە فۆرمی جۆراوجۆری وەک فێدرالێزم".

کۆبەند:

بەم هۆکارانەی باس کران و ئەو بەراوردکارییەی کە لە سەرەوە کرا، هیچ بە دوور نابیندرێت کە داهاتووی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئاخوندی هەمان سیناریۆ بێت کە شۆرەوی پێشووی گرفتار کرد؛ کۆماری ئیسلامی تەنیا و تەنیا لە چوارچێوەی بیری ئایدیۆلۆژیکی ویلایەتی فەقیه و بۆ مانەوەی خۆی، هاوشێوەی ئیدئۆلۆژیی کۆمۆنیزمی سۆڤییەت هەوڵ دەدات و لەم نێوانەدا نە برسیەتی خەڵک، نە بێماڵیی ئەوان، نە ویستی دنیای دەرەوە و نە هیچ پرسێکی تر گرینگی نییە بۆی، کەواتە سروشتی دێتە بەرچاو کە دەبینین خەڵک لە برسان دەمرن و دەسەڵاتیش بە پانەوە درۆ دەکات و دەڵێ ئێران شامی شەریفە!