کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی سەر باڵوێزخانەی باکوو لە تاران، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دراوە

16:44 - 30 رێبەندان 2722

سەرۆککۆماری ئازەربایجان، لە کۆنفڕانسی ئەمنییەتیی مۆنیخ وتی: کۆماری ئیسلامی لە هێرش بۆ سەر باڵوێخانەکەی ئازەربایجان لە تاران، دەستی هەبووە.

ڕۆژی شەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ئێلهام عەلی‌ئۆف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان لە کۆنفڕانسی ئەمنییەتیی مۆنیخ ڕایگەیاند: لە ‌هێرشە چەکدارانەکەی مانگی ڕابردوو کە کرایە سەر باڵوێزخانەی باکوو لە تاران و لە ئاکامدا ئەفسەرێکی ئەمنییەتی کوژرا و دو کارمەندی دیکەی باڵوێزخانەکەش بریندار بوون، ناوەندێکی سەر بە کۆماری ئیسلامی دەستی هەبووە.

عەلی‌ئۆف لە یەکەمین ڕەخنەی ڕاستەوخۆیدا بەرامبەر بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەبارەی هێرشی سەر باڵوێزخانەی ئازەربایجان لە تاران، وتی: کەمتەرخەمیی پۆلیسی تاران لەهەمبەر ڕووداوەکە و دەسبەسەرنەکردنی تاوانبار و هەروەها خۆ بواردنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە لێدوانی تێلێڤیزیۆنی، دەرخەری ئەوەیە کە ئەو هێرشە لەلایەن ناوەندێکی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە کرابێتە سەر باڵوێزخانەکەوە.